University of Raparin Logo

لەبەرژەوەندی دەرچووانی پۆلی ۱۲ی ئامادەیی، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی دا

چاپکردن ئیمەیڵ

بەسەرپەرشتى "د.یوسف گۆران" وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەئامادەبونى ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت، کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە سێنتەرى ڕۆشنبیرى و جڤاکى زانکۆى دهۆک بەڕێوەچوو.

لەو کۆبونەوەیەدا کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتی ۲۰۱۷/۳/۸ ئەنجامدرا، لە چەند تەوەرێکى جیادا گفتوگۆ لەبارەى چەند بابەتێکى پەیوەست بە خوێندکاران و خوێندنى باڵا تاتوێکران و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.

هەر لەو چوارچێوەیەدا و لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا "د.مسڵح دهۆکى" سەرۆکى زانکۆى دهۆک لە وتەیەکیدا بەخێرهێنانى "د.یوسف گۆران" وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەتی کرد بۆ شارى دهۆک و ئەنجامدانى ئەو کۆبونەوەیەى ئەنجومەنى وەزارەت لە زانکۆى دهۆک، هیواشى خواست ئەو جۆرە کۆبونەوانە لە زانکۆ جیاکان بەردەوام بێ بۆ باشتر لە نزیکەوە ئاگاداربون لە دۆخى زانکۆکان.

پاشان "د.یوسف گۆران" وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا دواى دەستخۆشیکردن لە زانکۆى دهۆک بۆ ئەو میواندارییە، ڕایگەیاند: ئەنجامدانى ئەو کۆبونەوانەى ئەنجومەنى وەزارەت هەر جارەو لە زانکۆیەک بەشێکە لە دیدگا و ڕوانگەى وەزارەت بۆ بەسەرکردنەوەى زانکۆکان و بایەخدانى یەکسان بەزانکۆکان و بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون لە کێشە و هەوڵەکانى گەشەپێدانى زانکۆکان لە بوارە جیاوازەکان، وتیشى ئەنجومەنى وەزارت کە بەرزترین ناوەندى بڕیاردانى وەزارەتەکەمان بە بەستنى ئەو کۆبونەوانەی لە زانکۆ جیاکان بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربونە لە دۆخى زانکۆکان بەتایبەت زانکۆ تازەکان، چونکە ئەو جۆرە تێکەڵى و لە نزیکەوە ئاگاداربونە لە یەکتر دەبێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ دروستکردنى پەیوەندى زیاتر ئەکادیمى و گەشەپێدانى زانکۆکان.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، کارنامەى کۆبونەوەکە خرایە بەر باس، ئەندامانى ئەنجومەن گفتوگۆیان لەبارەى سەرجەم تەوەرەکان کرد، دواى خستنەروى چەندین پێشنیاز، بڕیارى گونجاو لەسەر تەوەرەکان درا.

ڕێنمایى تایبەت بۆ نازناوى زانستى دادەنرێ

لەو چوارچێوەیەدا و لە تەوەرى تایبەت بەکاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا، لە بڕگەى تایبەت بە هەڵگرانى ماستەر و دکتۆرا ئەوانەى کە کۆنمرەى بەکالۆریۆسیان لە (٦٠%) کەمترە و، داواى نازناوى زانستى دەکەن، کۆبونەوەکە بڕیاریدا میکانزمى تایبەت بۆ ئەو کەسانە دابنرێ، بڕیارە لە داڕشتنی میکانیزمی نوێدا پشت ببەسترێت بە ئاستی بڕوانامەی ستانداردی توانستی زمانی ئینگیزی و بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی لە گۆڤاری زانستی خاوەن فاکتەری کاریگەری،  وردەکارییەکانى ئەو بڕیارەش دواتر لەلایەن لێژنەیەکى پسپۆڕوە دابڕێژێ.

لێژنەیەک بۆ گۆڕینى کولێژە کشتوکاڵییەکان پێکدێت

هەر لەو کۆبونەوەیەدا لە بڕگەى تایبەت بە گۆڕینى ناوى کۆلیژە کشتوکاڵییەکان بۆ ئەندازیارى کشتوکاڵى، کۆبونەوەکە بڕیاریدا لێژنەیەکى تایبەت پێکبهێنرێت و بەشێوەیەک هەر کۆلێژێکى کشتوکاڵى ناوەڕۆکى پڕۆگرامەکانى هاوشێوەى کولێژە ئەندازییە کشتوکاڵیە زانکۆ بەناوبانگەکانى لێکرد، ئەوکات بڕیار دەدرێ ناوى ئەو کولێژانە بگۆڕدرێ.

بەنێودەوڵەتیکردنى زمان و ئەدەبى کوردى

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا "د.یوسف گۆران" وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە پڕۆژەى (Kurdish steady) کرد، کە لە دواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت پەسندکراوە کە تایبەتە بەدابینکردنى زەمالەى زمان و ئەدەبى کوردى بۆ خوێندکارانى بیانى، لەو چوارچێوەیەشدا "د.یوسف گۆران" ڕایگەیاند: لە ئێستادا سەرقاڵى وردەکارییەکانى ئەو پڕۆژەیەن بۆ ئەوەى لە داهاتودا ژمارەیەک کورسى خوێندن ڕابگەیەنین، بۆ ئەوەش چەند پێشنیازێک گەڵاڵە کران بۆ چۆنیەتى ڕاگەیاندن و بەڕێوەبردنى ئەو پڕۆژەی، وەک لە کۆبونەوەکەدا باس کرا، پڕۆژەکە پڕۆژەیەکى نەتەوەیى وەزارەتە بۆ دابینکردنى زەمالەى خوێندنى کوردى بۆ خەڵکى بیانى بۆ ئەوەى بتوانن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بخوێنن، بۆ ئەوەش د.یوسف ڕایگەیاند: لە ئێستادا بایەخدانێکى تایبەت بەناوچەکە هەیە، بۆیە ئەم پڕۆژەیە بۆ ئێستا زۆر گرنگە بەتایبەت بۆ ئێمە، ئاشکراشیکرد پڕۆسەکە بریتییە لە دابینکردنى ژمارەیەک کورسى ساڵانەى خوێندن بۆ خوێندنى بەرایى بۆ زمان و ئەدەبى کوردى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.

ئەژمارکردنى تاقیکردنەوە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کورردستان

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، بڕیاردرا  لێژنەیەک لە وەزارەت پێکبهێنرێت بۆ دانانى میکانزمی گونجاو بۆ ڕەچاوکردنی تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکانی ئاستی ۱۲ی ئامادەیی بۆ مەبەستی پێشکەشکردن بۆ زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت تاقیکردنەوەکانی (SAT1 and SAT2) (A Level exam)، لە ساڵانى ڕابردوا بەهۆى ئەوەى وەرگرتن ناوەندى بوو، ئەو تاقیکردنەوانە ئەژمار نەدەکران، بۆیە کۆبونەوەکە بڕیاریدا دواى ئەوەى لێژنەیەک میکانزمەکان دادەڕێژێ، ئەو خوێندکارانەى کە خاوەنى ئەو تاقیکردنەوانە بن دەتوانن داواکاری بۆ زانکۆ حکومییەکان پێشکەش بکەن.

ئەژمارکردنى نمرەى وانەکانی زمانی کوردى و عەرەبى ئارەزومەندانە دەبێت

لە بەشى کۆتایى کۆبونەوەکەشدا، بڕیاردرا لەمساڵەوە ئەژمارکردنی نمرەی وانەکانی (زمانی کوردى و عەرەبى) بۆ دەرچوانى پۆلى دوانزە لە کاتی پێشکەشکردن بۆ کۆلێژە پزشکى و ئەندازیارى و زانستییەکان ئارەزومەندانە دەبێت.

واتا دەرچوانی پۆلی ۱۲ی ئامادەیی کاتێک داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ کۆلێژە پزشکى و ئەندازیارى و زانستییەکان سەرپشک دەکرێن لەوەی کە ئایا دەیانەوێت نمرەی تاقیکردنەوەکانی زمانی کوردی و عەرەبییان بۆ ئەژمار بکرێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا دەبێت بەشداری تاقیکردنەوەی هەردوو وانەی زمانی کوردی و عەرەبییان کردبێت و لە تاقیکردنەوەکە دەرچووبن، جێگەی ئاماژە پێکردنە کە ئەم بڕیارە لەمساڵەوە جێبەجێ دەکرێت.

ساڵى داهاتو خوێندکاران بە دو قۆناغ لە زانکۆکان وەردەگیرێن

لە بەشێکى دیکەى ئەو کۆبونەوەیەدا تاوتوێی چۆنیەتى بەرەوپێشبردنى وەرگرتنى خوێندکاران بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) لە زانکۆکان کرا، لەو چوارچێوەیەشدا دواى ڕاگۆڕینەوە و گەڵاڵەکردنى چەند پێشنیازێک کۆبونەوەکە بڕیاریدا بەدوو قۆناغ دەرچووانى ۱۲ی ئامادەیى لە زانکۆکان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨)وەربگرێ، بەشێوەیەک لە قۆناغى یەکەمدا بۆ دەرچوانى خولى یەکەم (٥٥%) خوێندکاران وەربگیرێت و، لە قۆناغى دووەمد بۆ دەرچووانى خولى دووەم ڕێژەى (٤٥%)ی وەربگیرێت.