رۆژی ٢٠١٧/٣/٥، بیست وشەشەمین ساڵڕۆژی راپەڕینە مەزنەکەی بەھاری١٩٩١گەلی کوردە، کە لە شاری رانیەی قارەمان چەخماخەی لێدرا و بووە راپەڕینێکی سەرتاسەری لەکوردستان. لە ئەنجامدا وەرچەرخانێکی مێژوویی لەژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و حکومڕانی کوردستان دروستکرد.
دەڤەری راپەرین و بەتایبەت شاری رانیە شانازی ئەوەی پێدراوە،کە بەدەروازەی راپەڕین بانگ بکرێت و ببێت بە دەروازەی وەرچەرخانێکی گرنگی حکومڕانی کورد لەمێژوودا، بەگەڕانەوە بۆ رابردووی ئەم ناوچەیە دەبینین، کە ھەر لەسەردەمی داگیرکاری ئینگلیزەکانەوە رۆحیەتی بەرھەڵستکاری داگیرکەران لەناو خەڵکی شۆڕشگێڕی سنورەکەدا ھەبووە و داگیرکەر و سوپایەکانیان بە ئەستەم توانیویانە قەڵخانی بەرگریکاری لەسنورەکەدا بشکێنن، بۆیە رانیە و سنورەکەی ھەمیشە لانکی شۆڕشەکانی کورد بوون و رۆڵەکانی ئەم شارە جەربەزانە فیداکاریان کردووە، ئەوەتا لەجەنگی دژ بە گروپی تێرۆرستی داعشیش گەنجانی دەڤەری راپەڕین لەپێشەوەی ھێڵی بەرگریکردنن لەنیشتمان و زۆرترین گیانفیداییان کردووە.
راپەڕینی ئاداری ١٩٩١ کە لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا توانی لەرانیەی دەروازەوە تا کەرکوکی قودسی کوردستان رزگار بکات،دەستکەوتێکی گرنگی مێژوویی بوو،کورد سەدان ساڵ بوو بەردەوام بوولە بەرخۆدان، تاسەرەنجام سەرکەوتنەگەورەکەی لەبەھاری١٩٩١بەدەستھێناو راپەڕینەکەی توانی زۆربەی شارەکانی کوردستان رزگاربکات.
راپەڕین،چەندین دەستکەوتی گرنگی بەدوای خۆیدا ھێنا لەھەموویان گرنگتر خۆی بینیەوە لە دروستکردنی یەکەم کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان .
لەم نێوەندەشدا، زانکۆی راپەڕین وەک دامەزراوەیەکی ئەکادیمی کە لەسەردەمی کابینەی (٦)ی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لەساڵی٢٠١٠ دامەزرا،بەرھەمی خوێنی شەھیدانی راپەڕین وسەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستانە بۆشاری رانیە و سنوری ئیدارەی راپەڕین بەگشتی، ھەروەک لەوتەمەنەکەمەدا،زانکۆی راپەڕین توانیویەتی چەندین ھەنگاوی گرنگ بنێت،وژێرخانێکی گرنگی مەعریفی وزانستی بۆکوردستان بەگشتی وبەتایبەتیش بۆسنوری راپەڕین بنیات بنێت،ھەروەھا لەسەرئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا توانراوە زانکۆکە دەیان پەیوەندی ئەکادیمی و زانستی گرنگ دروست بکات وبەشداری چەندین پڕۆگرامی گرنگی نێودەوڵەتی بکات. ھەروەھا لەماوەی تەنیا چوارساڵدا لەلایەن رێکخراوی یونیسکۆو یەکێتی زانکۆکانی جیھانەوە بەرەسمی دانیپێدا بنرێت وبخرێتەکتێبی زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی جیھانەوە، ھەروەھا بەشداری کارای پڕۆژە نێودەوڵەتییەکانی ھەبووە لەوانە ئیراسمۆسی یەکێتی ئەوروپا، دادی ئەڵمانی و IREXی ئەمریکی.
نەتەوەی کورد،سەدان ساڵە بەرنامەی ئازادی ودیموکراسی ومافی مرۆڤی،کردۆتە دروشمی خۆی، و بەردەوامە لەشۆڕش و بەرخۆدان وھەرگیزشارەکانی،خاکەکەی، نەتەوەکەی،ڕادەستی دەستی رەشی تێرۆریستان وگروپە نامرۆڤایەتییەکانی وەک داعش وھاوشێوەکانی ناکات وبگرە کورد لەم قۆناغەدا بەھاوکاری ھێزی ھاوپەیمانان لەبری ھەمووجیھان شەڕ بۆمرۆڤایەتی شەڕ بۆئازادو بۆرێزگرتن لە مرۆڤ دەکات.
لە کۆتا پەیامدا، بەبۆنەی بیست و شەشەمین ساڵیادی راپەڕینەوە، سڵاوی شۆڕشگێڕانە،سڵاوی خەباتگێڕانە بۆخوێنی شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستان بەگشتی وشەھیدانی راپەڕینە مەزنەکەی ٥ ئازاری١٩٩١دەنێرین،کەبەخوێنی گەشی ئەوان حکومەت و پەرلەمان و دامەزراوە یاسایی و سیاسییەکان ھاتنە بوون و ھەرێمی کوردستان وەک کیانێکی دەولەتێکی دیفاکتۆ ھاتە نێو پەیوەندی و سیاسەتی نێودەوڵەتیەوە .
پ.ی.د. موفق خالد ابراھیم
سەرۆکی زانکۆی راپەڕین
٢٠١٧/٣/٤