راگەیاندنی زانکۆ
بڕیارە لە٢٦ھەمین ساڵیادی راپەڕینە مەزنەکەی بەھاری ساڵی ١٩٩١دا کە رۆژی ٥ی ئادار لە شاری رانیەوە سەریھەڵداو گەورەترین گۆڕانکاری مێژوویی بۆ نەتەوەی کورد فەراھەمکرد، زانکۆی راپەڕین دوو کۆنفڕانس رێکدەخات، لەرۆژانی ٦ و ٨ی ئاداردا.
ئاراز رەمەزان بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی زانکۆی راپەڕین وتی: بڕیارە زانکۆی راپەڕین بەھاوبەشی لەگەڵ ناوەندی رێکخراوە دیموکراتیەکانی رانیە لەرۆژی ٢٠١٧/٣/٦ دا کۆنفڕانسی (راپەڕین، بۆ رووبەروبونەوەی تێرۆر لەھەرێمی کوردستان) رێکبخات، کە لەچەند پانێلێک پێکدێت و کۆنفڕانسەکە یەک رۆژ دەخایەنێت و چەندین توێژەر لەناو پانێلەکاندا سیمینار پێشکەش دەکەن.
باسی ئەوەشیکرد کە لەرۆژی ٨ی مارسدا بەھەمان شێوە زانکۆی راپەڕین، کۆنفڕانسێکی دیکە بەناونیشانی (ژن، لەشۆڕش و راپەڕینەکانی کوردا) رێکبخات، کە بەھەمان شێوە یەک رۆژ دەخایەنێت و لە چەند پانێلێکدا چەندین سیمینار دەربارەی رۆڵی ژنانی کورد لەشۆڕش و راپەڕینەکاندا سیمیناریان دەربارە پێشکەشدەکرێت و توێژەری ھەرچوار پارچەی کوردستان بەشداری تێدا دەکەن.