بە مەبەستی زانینی سەرنج و تێڕوانینی سەرجەم خوێندکاران سەبارەت بە جێبەجێکردنی پەیڕەوی هاوپۆشی (الزی الموحد) لەنێو خوێندکارانی زانکۆی ڕاپەڕین لەپێناو بەرژەوەندیی خوێندکاراندا، وا بڕیارە لەم هەفتەیەدا لە ڕیگەی چەند لیژنەیەکەوە ڕاپرسییەک لە ناو خوێندکارانی زانکۆمان لەسەر ئەو پرسە ساز بکرێت .
بەپێی نوسراوی ژمارە (٧٣٦/٢٩/٧) لە (٢٠١٧/٢/٢٠) کە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران ئاراستەی گشت کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆ کردووە، تیایدا هاتووە لەماوە ئەم هەفتەیەدا لەڕێگەی یاریدەری ڕاگر و سەرۆک و بڕیاردەری بەشەکانەوە، بەرچاوڕونی تەواو بدەنە خوێندکاران و پێویستی و بایەخی جێبەجێکردنی پەیڕەوی (هاوپۆشی)یان بۆ ڕوونبکەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانین لە هەفتەی داهاتوودا و لە یەک کاتدا لە هەموو زانکۆ ڕاپرسیەکی شەفاف لەسەر ئەو پرسە لە زانکۆمان ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی ئەنجامی ڕاپرسیەکە و دوا بڕیار بدەینە دەست خوێندکاران خۆیان، هەروەک لە نوسراوەکەدا چەند هۆکارێک خراونەتەڕوو بۆ جێبەجێکردنی پەیڕەوی هەوپۆشی لەناو خوێنداکارانی زانکۆمان.
هۆیەکانی جێبەجێکردنی پەڕیڕەوی هاوپۆشی بەشێوەیەکی گشتی :
۱- بوونی تەنگژەی ئابوری لە وڵاتدا و، خراپی باری دارایی خوێندکاران و کەسوکاریان .
۲- نەهێشتن یان کەمکردنەوەی دایاردەی جیاوازی چینایەتی لەنێو خوێندکاراندا .
۳- زاڵبوون بەسەر هەندێ کێشەی کۆمەڵایەتی و دەرونی کە ڕۆژانە ڕوبەڕوی خوێندکاران دەبێتەوە .
٤- ڕێگرتن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو کە باری تەناهی "ئەمنی" زانکۆ و خوێندکاران بخاتە مەترسیەوە .
٥- لادانی زانکۆ لە دیاردەی نمایشکردنی مۆدێلی جل و بەرگ لەلایەن هەندێ لە خوێندکارانەوە .
٦- جیاکردنەوەی خوێندکار لەگەڵ مامۆستا و فەرمانبەران لە ناو زانکۆدا لە ڕووی پۆشینەوە .
۷- بوونی داوایەکی زۆر بۆ ئەم بابەتە هەم لەلایەن خوێندکاران و هەم کەسوکاریانەوە، هەروەها بۆچوونی شارەزایانی بواری خوێندن و پەروەردە لەو بارەیەوە .
سەرنج :
لەپێناو ئەنجامدانی ڕاپرسیەکە بەشێوەیەکی پاک و شەفاف، وەک پڕۆسەیەکی دیموکراسی لیژنەیەکی باڵا لەسەر ئاستی زانکۆ و چەند لیژنەی لاوەکی لەسەر ئاستی کۆلێژەکان پێکدێن، بۆ ئەو مەبەستە لەسەرجەم بەشەکانی زانکۆمان خوێندکاران دەتوانن ناوی نوێنەری هەڵبژێردراوی خۆیان ڕادەستی لیژنەی باڵا بکەن بۆ ئەوەی نوێنەریان لە لیژنەی لاوەکی هەبێت .