ئا : ئەیوب محمد ، سیامەند عزیز مێژوو و پێکهاتەی زانکۆ دوای ئەوەی بە هەوڵ و كۆششی دڵسۆزان و زانسخوازان لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا ، لە بەرواری ٤/٤/ ٢٠١٠ بڕیار درا بە کردنەوەی زانکۆی راپەرین وەك پێویستیەكی هەنوكەیی بۆ بەرزكردەوەی ئاستی زانست لە بوارەجیاجیاكاندا و بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری پێگەیاندنی كادری ئەكادیمی ئامادەكردنیان بۆ بازاری كار زانكۆی ڕاپەڕین کرایەوە .
لە ئێستادا ئەم زانکۆیە لە سێ فاكەڵتی و سکوڵ و بەشێكی سەر بەخۆ پێكدێت ، فاكەڵتی پەروەردەی بنەڕەت و فاكەڵتی زانستە مرۆڤایەتیەكان و فاکەڵتی پەروەردە – قەڵادزێ ، سکوڵی پەرستاری و بەشی بایۆلۆجی . تا ئێستا زانکۆ دوو خولی دەرچوانی هەبووە و خوێندنی باڵا لە زانکۆدا کراوەتەوە .
گەشەسەندنی زانکۆ
زانکۆی ڕاپەڕین لە سەرەتای دروستبوونیەوە تا ئێستا لە فراوانبوون و گەشەسەندنی بەردەوامدایە ، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین پڕۆژەی گرنگ و بایەخدار لە زانکۆدا جێبەجێ کراون و هەندێکیان لە ئێستادا لە قۆناغی جێبەجێ کردندان .
ئەندازیاری بیناکاری و بەڕێوەبەری ئەندازەو پڕٶژەی زانکۆ ئەحمەد رسول بۆ ماڵپەڕی زانکۆ ووتی : دوای ئەوەی پڕۆژەی کەمپەسی نوێ ی زانکۆ لە رانیە و قەڵادزێ جێبەجێ کران ، لە ئێستاشدا کۆمەڵێک پڕۆژە کاریان تێدا دەکرێت وەکو پڕۆژەی سەرۆکایەتی زانکۆ بە بڕی تێچوونی شەش ملیارو شەش سەدو چوار ملیۆن دینار نزیکەی (٤٠%) کارەکانی تەواو بووە و کارکردن تێیدا بەردەوامە ، ئەم پڕۆژەیە لەلایەن کۆمپانیای کێستەوە جێبەجێ دەکرێت .
هەروەها پڕۆژەی بینای فاکەڵتی زانست و زانستە پزیشکیەکان کاری تێدا دەکرێت و لەسەر بودجەی پتڕۆ دۆلار لەلایەن کۆمپانیای دەلۆوە جێبەجێ دەکرێت گوژمەی پڕۆژەکە هەشت ملیۆن دۆلارە لە ئێستادا نزیکەی (٢٠-٢٥%) کارەکانی تەواو بووە .
دروستکردنی بەشە ناوخۆییەکان لە قۆناغی کۆتایی کارەکانیدایە
بەڕێوەبەری ئەندازەو پڕۆژەی زانکۆ ووتیشی : بەهۆی زۆری ڕێژەی خوێندکارو دروستبوونی گرفتی نیشتەجێبوونەوە لە ئێستادا بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە بەشە ناوخۆیی نوێ لە ڕانیە بە بودجەی هەشت ملیار و هەشت سەدو پەنجاو نۆ ملیۆن دینار، کۆمپانیای (ئازار ئاکنجلەری)تورکی سەرپەرشتی دەکات و (٧٨%)ی ئەم پڕۆژەیەش تەواو بووە.
وە پڕۆژەی بەشە ناوخۆیی قەلادزێ بڕی تێچوونەکەی هەشت ملیارو چوارسەدو شەست و پێنج ملیۆن دینار ، ڕێژەی ئینجازی(٩٠%)کارەکانی بەنزیک کۆتای بوون هاتوون و لەلایەن کۆمپانیای (تەکیماش)ی تورکیەوە جێبەجێ دەکرێت.
ماستەر پلانی زانکۆ لە تەواو بووندیە
ئەحمەد رسوڵ لە بارەی ماستەرپلانی زانکۆ و پڕۆژەکانی داهاتوو ووتی : پڕۆژەی دروستکردنی بینای کۆلێژی کشتوکاڵ کە لە ڕانیە جێبەجێ دەکرێ ، پڕۆژەی بینای سەنتەری ڕۆشنبیری بە دیزاین و جێبەجێ کردنەوە . ئەمەش پەیوەستە بە چارەسەری ئەو کێشە داراییەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوەتەوە ، هەروەها
پڕۆژەی ڕێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ و باخچەکان وکارەبای ناو بیناکان پلانی داهاتوومانن ، چونکە ئێستا ماستەر پلانی زانکۆ لە دیزاین دایە و نزیکی تەواو بوونە بۆ ئەو مەبەستەش ڕەزامەندی دوازدە ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینارمان هەیە لە وەزارەتی پیلان دانان بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ماستەر پلانە لەساڵی ٢٠١٥دا .