راپۆرتی. شوان ئەحمەد
رای جیاواز ھەیە لەنێوان خوێندکاراندا دەربارەی ئەو ترسە دەروونیەی لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا دروست دەبێت، چونکە تاقیکردنەوە تایبەتمەندیەکی وای لەخۆگرتووە کە ھەمیشە ترس و دڵەڕاوکێیەک دەخاتە دەروونی خوێندکارانەوە، ئەمەش لەوانەیە بەھۆی ئەوەوە بێت کە زۆربەی کات وەڵامی پرسیارەکان دۆخێکی کۆنکرێتی وەردەگرن، بەو مانایەی بواری شیکردنەوە بەخەیاڵ نادەن و زانستیانە دەبێ دەقاو دەق بەرسڤەکە بپێکرێ . لەئێستادا خوێندکارانی سەرجەم فەکەڵتی و سکوڵ و بەشە جیاجیاکانی زانکۆی ڕاپەڕین لەناو وەرزی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵدان و خوێندکارانیش باسی ئەو ترس و دڵە راوکێیە دەکەن کە ھەندێجار بۆیان دروست دەبێت، لەبەرامبەریشدا مامۆستایەکی دەروونزانی پێیوایە کە ئەم ترسە حاڵەتێکی ئاساییە بەڵام زۆرجار کاریگەری نەرێنی دروست دەکات.
ھۆشمەند عەلی خوێندکاری قۆناغی یەکی بەشی عەرەبی دەڵێت: تاقیکردنەوەکان ئاسایین، و ھیچ فشارێکی دەروونیم لەسەر نییەو زۆر بەئاسایی لە تاقیکردنەوەکان دەڕوانم، سەرەڕای ئەوەش پرسیارەکان ئاسایین و لەئاست توانای ئێمەدان و گرفتێکمان لەگەڵ کەشوھەوای تاقیکردنەوەکاندا نییە.بەڵام لەبەرامبەر قسەکانی ھۆشمەندا ئەحمەد عومەر خوێندکاری بەشی باخچەی ساوایانی زانکۆی راپەڕین پێیوایە کە دڵەڕاوکێ ھەیەو فشاری دەروونیان بۆ دروست دەبێت ، ھەندێ تاقیکردنەوەش ئاساییەو ئەو ترسە دروست نابێت چونکە پرسیارەکان بۆ ھەرسێ ئاستی زیرەک و مامناوەندو تەمبەڵ گونجاون ھاوکات مامۆستاکان مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵ دەکردین و ھۆڵەکان تارادەیەکی زۆر ئارامبوون.شەیدا جومعە خوێندکارێکی دیکەی زانکۆی راپەڕین ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە دڵەراوکێی زۆربووە لەتاقیکردنەوەکانی سەرەتادا چونکە تاقیکردنەوەکانی بەلاوە سەخت بووە، بەڵام بەھۆی باشبوونی لەتاقکردنەوەکان ئێستا ئەم دڵە راوکێیەی نەماوە.
ئەیوب کەریم مامۆستای دەروونزانی لەزانکۆی راپەڕین بەماڵپەڕی زانکۆی راگەیاند کە ئەم حاڵەتە شتێکی ئاساییە و تایبەتمەندی تاقیکردنەوەکانە کە دڵەڕاوکێ دروستدەکەن، ئەگەر لەدۆخی ئاسایی خۆیدابێت شتێکی باشەو دەبێتە فاکتەری بەدەستھێنانی ئەنجامی باشتر، بەڵام کە بوو بەدیاردە لێکەوتەی نەرێنی دەبێت، لەسەرووی ھەموویانەوە بیرچوونەوەی بابەتەکان و تێکەڵکردنی زانیاریەکان، بۆیە گرنگە لەم کاتانەدا خوێندکاران باری دەروونی خۆیان جێگیر بکەن و خۆیان باش ئامادە بکەن و بزانن ئەم تاقیکردنەوەیە کۆتایی ھەموو شتێک نییەو قۆناغی دیکەیان لەبەردەمدایە، پێویست ناکات ئەوەندە دڵەڕاوکێ دروستبکەن.
ئەیوب کەریم پێیوابوو کە بۆ کەمکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ پێویستە خوێندکاران ئەم ڕێگایانەی خوارەوە بگرنەبەر:
*خوێندکار پێویستە کاتەکانی بەشێوەیەکی گونجاو دابەش بکات.
*ماوە ماوە پشوو بدات و خۆی زۆر ماندوو نەکات و کاتی خەوتن گرنگی تەواوی پێبدرێت.
*خواردن و میوە بخوات بەڕادەیەک وزەو توانای پێویستی پێببەخشێت.
*تا کاتی چوونە ژوورەوە بۆ ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە نەخوێنێتەوە، چونکە ئەمە دەبێتە ھۆی تێکەڵکردنی زانیاریەکان. ژینگەی خێزانی ھاوکاربێت ، بەڕادەیەک کەشێکی ئارام و بێ کێشە دروست بکات.
*کەمکردنەوەی کاتەکانی سەیرکردنی تەلەفزیۆن، ئەمەش بەو واتایە نا کە یەکجاریی خۆی لێ داببڕێت، بەڵکو پێویستە لەکاتی پشووەکانیدا سەیری تەلەفزیۆن بکات و مێشکی ئارامکاتەوە