University of Raparin Logo

یەکەم و دووەم و سێیەمی زانکۆی راپەڕین خەڵاتکران

چاپکردن ئیمەیڵ

 رۆژی ١٨/٩/٢٠١٣، بەسەرپەرشتی پ.د. محەمەد عەلی سەرۆکی زانکۆی راپەڕین و ھەریەک لەجێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و راگری فەکەڵتی پەروەردەی بنەڕەت و زانستە مرۆڤایەتییەکان خەڵاتی وەزارەتی پەروەردە بەسەر یەکەم و دووەم و سێیەمی زانکۆی راپەڕیندا دابەشکراو رێزیان لێنرا.

لەرێورەسمەکەدا کە لەبینای سەرۆکایەتی زانکۆی راپەڕین بەرێوەچوو سەرۆکی زانکۆ لە وتەیەکیدا دەستخۆشی لەو خوێندکارانە کرد و ھیوای سەرکەوتنی زیاتری لەژیانی پیشەیی و پرۆژەی داھاتوودا بۆ خواستن، ھەروەک ھانیدان کە بەئەمەکەوە ئەرکەکانانی داھاتوویان جێبەجێ بکەن و بەردەوام بن لەبەرەو پێشچوون.

دواتر ھەردوو جێگری سەرۆکی زانکۆی راپەڕین وتەیان پێشکەشکردو دەستخۆشیان لەخوێندکارەکان کرد و ھانیاندان کە بەردەوام بن لەکارو پرۆژەکانیان بۆ داھاتوو.
ئاراز رەمەزان وتەبێژی زانکۆی راپەڕین رایگەیاند کە بڕیارە لەداھاتوویەکی نزیکداو لەرێورەسمێکدا خەڵاتی زانکۆی راپەڕین بدرێت بەسەرجەم یەکەمەکانی سەر بەشەکانی زانکۆی راپەڕین کە بریتییە لەبڕێک پارە. وتیشی: ھەریەک لەخوێندکاران "ھەتاو عەلی ئەحمەد" لەسکوڵی پەروەدەی بنەڕەت بەشی عەرەبی یەکەمی زانکۆو "رۆژگار بابەکر محەمەد" لەپەروەردەی قەڵادزێ بەشی عەرەبی دووەمی زانکۆ و ھەروەھا خوێندکار "رابەر عومەر محەمەد"یش لەسکوڵی پەروەردەی بنەڕەت بەشی کۆمپیوتەرو بیرکاری پلەی سێیەمی زانکۆی راپەڕین خەڵاتکران.
شایانی باسە وەک رێورەسمێکی ساڵانە و بۆ ھاندانی خوێندکاران و زیاتر گەشەکردنی لایەنی زانستی خوێندن زانکۆی راپەڕین ساڵانە خەڵاتی خوێندکارە نموونەیی و یەکەمەکان دەکات.