University of Raparin Logo

یەکەمین کۆنفرانسی ستراتیژی زانکۆی ڕاپەڕین بەسەرکەوتوویی کۆتای پێهات

چاپکردن ئیمەیڵ

 سیامەند عزیز ، ئەیوب محمد

یەکەمین کۆنفرانسی ستراتیژی زانکۆی ڕاپەڕین لەژێر ناونیشانی (بارودۆخی ئێستا و گەشەپێدانی ستراتیژی داهاتووی زانکۆی ڕاپەڕین ) لە هۆڵی کتێبخانەی گشتی رانیە بەسترا و پلانی (٥) ساڵەیی زانکۆ تاوتوێکرا .

ڕۆژی دوو شەممە بەرواری ١٤/٤/ ٢٠١٤ کاتژمێر (٩) ی سەرلەبەیانی لە هۆڵی کتێبخانەی گشتی ڕانیە بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و زۆربەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ و سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین و قائیمقامی قەزای ڕانیە و بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی  کوردستان و چەندین بەرپرسی فەرمانگە ئیداریەکانی ناوچەکە کۆنفرانسەکە دەستی بە کارەکانی کرد .

سەرەتا (پ.د.محمد علی عبداللە ) سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین لە  وتەیەکدا باسی لە بارودۆخی ئێستای زانکۆ و چۆنیەتی گەشەپێدانی ستراتیژی داهاتووی زانکۆی ڕاپەین و پەیوەندیەکانی زانکۆی ڕاپەڕین لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان  کرد  .

دواتر وتەی سەرپەرشتیاری کۆنفرانس لەلایەن (پ.ی.د.صباح رشید) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی بالاوە پێشکەشکرا .

سەپەرشتیاری کۆنفرانس پلانی کۆنفرانسەکەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو ، بە شێوەیەکی گشتی  کۆنفرانسەکە دابەشکرابوو بەسەر چوار تەوەری سەرەکیدا (تەوەری زانستی و خوێندنی باڵا ، تەوەری توێژینەوەی زانستی ، تەوەری کارگێڕی و تەوەری پەیوەندیەکان و میدیا ) ، هەر یەکێک لەم تەوەرانە لە لایەن لیژنەیەکی پسپۆڕ و شارەزاوە پلان و کارنامەی تایبەتی بۆ ئامادەکرابوو .

لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا کارنامە و پلانی لیژنەکان بۆ ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە خرایەڕوو و لە لایەن ئامادەبووانی کۆنفرانسەکانەوە گفتوگۆ و سەرنج و ڕەخنە و پێشنیارەکان پێشکەشی لیژنەی سەرپەرشتیاری تەوەرەکان کرا .

ڕۆژی دووەمی کۆنفرانسەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆی لیژنەکان بە مەبەستی ئامادەکردنی کارنامە و ستراتیژ و پلانێکی (٥) ساڵی باش و گونجاو بۆ ئەوەی لەو ماوەیەی کە بۆی دیاریکراوە بتوانرێت بەشێوەیەکی باش کاری لەسەر بکرێت و بە هەموو لایەک بتوانین زانکۆمان لە هەموو ڕوویەکەوە گەشەپێبدەین و زانکۆکەمان زیاتر لە دەرەوە بناسێنین و ئاستی زانستی و ئەکادیمی پێش بخەین .

لە کۆتاییدا پ.ی.د.صباح رشید سەرپەرشتیاری کۆنفرانس ڕایگەیاند پێشنیار و ڕاسپاردەکانی هەموو لیژنەکان کۆ بکرێنەوە لە پاکێجێکدا بخرێتە بەردەم ئەنجومونی زانکۆ بۆ ئەوەی  بڕیار لەسەر ڕاسپاردەکان بدات و جێگیر بکرێن لە پلان و ستراتیژی داهاتووی زانکۆدا و لە ئایندەیەکی نزیکدا ربگەیەنرێت .

پێویستە لە کۆتاییدا سوپاسی لیژنەی سەرپەرشتیاری کۆنفرانس و لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانس بکەین کە بەسەرکەوتووانە و بێ هیچ گرفت و کەم و کوڕییەک کۆنفرانسەکە کۆتایی پێهات ، بە هیوای بەردەوامی و کاری باشتر لە داهاتوودا ، وە هەروەها سوپاسی بێ پایانمان بۆ بەڕیوەبەرایەتی کتێبخانەی گشتی ڕانیە کە بەردەوام هاوکاری زانکۆی ڕاپەڕین بوون .