مامۆستایەكی زانكۆی راپەڕین، تازەترین كتێبی زانستی هاوبەشی خۆی بەناونیشانی (راگەیاندن لەکاتی قەیرانەكاندا) چاپ و بڵاوكردەوە، و بڕیاریشە رۆژی شەممە (12ی حوزەیرانی 2021) لەناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە ئەركی لەچاپدانی كتێبەكەیان لەئەستۆ گرت، لەمەراسیمێكدا ناساندن بۆ كتێبەكە بكرێت.
كتێبەكە لەلایەن هەردوو ئەكادیمیستی بواری میدیا (پ.ی.د. ئاراز رمضان احمد) بەڕێوەبەری راگەیاندن و مامۆستا لەزانكۆی راپەڕین و (پ.ی.م. هەردەوان محمود كاكە شێخ) مامۆستا لەبەشی راگەیاندنی كۆلێژی ئاداب لەزانكۆی سەڵاحەدین، نوسراوە.
لەبنەڕەتدا ئەم كتێبە توێژینەوەكی زانستییە، ئامانج لەنوسینی ئەم كتێبە خستنە ڕوی ڕۆڵ و ئەركی میدیایە لەكاتی قەیرانەكاندا، بەتایبەتیش قەیرانی دارایی كە نمونەی باسكراوی ناو كتێبەكەیە.
بەواتایەكیتر میدیا لەكاتی ڕوودانی قەیرانی داراییدا پێویستە چۆن مامەڵە بكات لەگەڵ زانیارییەكان، هەروەها چۆن بەئەركی دروستكردنی ئاگایی و هۆشیاری لای جەماوەر هەڵبستێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانی دارایی و ئیدارەدانی دۆخەكە.
كتێبەكە بەو قەبارەیە لە 74لاپەڕە پێكهاتووە، بەشی یەكەمی چوارچێوەی گشتی توێژینەوەكە لەخۆ دەگرێت كە لە حەوت تەوەر پێكهاتووە، بەشی دووەمی تایبەتە بە باسكردن لە ڕاگەیاندن و قەیران، لەم بەشەدا تیشك دەخرێتە سەر ئەوەی ڕاگەیاندن لەكاتی قەیراندا دەبێت چۆن ڕووماڵی قۆناغە جیاوازەكانی قەیرانەكە بكات، چۆن زانیاری دەربارەی قەیرانەكە بەجەماوەر بگەیەنێت.
هەر لەم بەشەی كتێبەكەدا جەخت كراوەتە سەر ستراتیژیەتی ڕاگەیاندن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران كە ئەویش چەند تەوەرێكی سەرەكی لەخۆ دەگرێت لەوانە: قەیرانی دارایی لەهەرێمی كوردستاندا، بەڕێوەبردنی ڕاگەیاندن لەدوای قەیران، ئیتیكی ڕاگەیاندن لەكاتی قەیرانی داراییدا.