لە چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕێکارەکانی دانپێدانانی بەشێک لە زانکۆکانی هەرێم لهلایهن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە وەفدێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی عێراق سەردانی زانکۆی ڕاپەڕینی کرد.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ڕێكەوتی ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، وەفدێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی (د. فارس مهدی علوان)، سەردانی زانکۆی راپەڕین-یان کرد و، لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و بەشێک لە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکانی و مامۆستایانی زانکۆمانەوە بەگەرمی پێشوازییان لێکرا ، پاشان لە سەرۆکایەتی زانکۆ کۆبونەوەیەک لەگەڵ وەفدی میوان ئەنجامدرا.
لە كۆبونەوەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی نوسراوی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی عێراق ژمارە (٥١٦٤) كرا، کە نوسراوەکە تایبەتە بە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن و پێداویستیەكانی دانپێدانانی بەشێک لە زانكۆكانی هەرێم لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، هەروەک ئەنجومەنی زانکۆی ڕاپەڕین پابەندی خۆیان بە سەرجەم بڕگەکانی نوسراوەکە و پێوەرەکان و جێبەجێکردنی تەواوی پێداویستیەكانی دانپێدانان دەربڕی کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی حکومەتی عێراق بۆیان دیاریکراوە .
پاشان وەفدەكە سەردانی بەشێک لە یەکە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ و کۆلێژ و بەشە زانستییەكان و هۆڵەكانی خوێندنیان كرد و لەلایەن بەڕێوەبەر و سەرۆكی بەش و مامۆستایان و لێپرسراوانی تاقیگەكانی زانکۆوە وەڵامی سەرجەم پرسیار و سەرنجەکانیان درایەوە.