لە چوارچێوەی سەردانەکەی وەفدی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی عێراق بۆ زانکۆی راپەڕین، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، وەفدی ناوبراو کۆلێژی پەروەردەی قەڵادزێی بەسەردەکردەوە.
بەئامانجی بەدواداچوون و دڵنیابونەوە له بوونی پێوەرەکان و مەرجە پێویستییەكانی دانپێدانانی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی بە بەشێک لە زانكۆ هەرێمی كوردستان ، وەفدێكی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق سەردانی کۆلێژی پەروەردەی قەڵادزێیان كرد و، لەلایەن (د.هیوا مینە محمود) ڕاگر و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆلێژ و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان و مامۆستایانەوە پێشوازییان لێکرا، هەروەک ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی قەڵادزێ خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی وەفدەکە دەربڕی و هیوای خواست سەردانی وەفدەکە ئەنجامی باشی لێبكەوێتەوە.
دواتر کۆبونەوەیەک لەگەڵ وەفدی میوان ئەنجامدرا، پاشان وەفدەكە سەردانی سەرجەم بەشەکان و هۆڵەكانی خوێندن و تاقیگەکانی کۆلێژەکەی كرد و لە لایەن سەرۆكی بەش و مامۆستایان و لێپرسراوانی تاقیگەكانەوە وەڵامی گشت پرسیارەکانیان درایەوە.