University of Raparin Logo

بڕوانامەی پڕۆگرامی ڕاهێنانی تواناکان بەسەر ٧٥ خوێندکاری زانکۆی ڕاپەڕین دابەشکرا

چاپکردن ئیمەیڵ

لەچوارچێوەی کاروچالاکییەکانی سەنتەری گەشەپێدانی کار لە زانکۆی ڕاپەڕین ، ئەمڕۆ سێ شەممە ١ی شوباتی ٢٠٢٢، لە هۆڵی چالاکییەکانی زانکۆ، بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د.مۆفق خالد سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی ڕاپەڕین، ڕێوڕەسمی دابەشکردنی بڕوانامەی پرۆگرامی راهێنانی تواناکان بەسەر (٧٥) خوێندکاری بەشداربووی پڕۆگرامەکە و (١١) كۆمپانیا و دامەزراوەی كەرتی تایبەت کە هاوبەشی پڕۆگرامەکە بوون بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، بەڕێز پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.دارا تۆفیق کاکەمین یاریدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران، لە وتەیەکدا سوپاسی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد بۆ وەگەڕخستنی پرۆگرامی ڕاھێنانی تواناکان لە زانکۆکانی کوردستان، کە دەستپێشخەری ئەو بوو لەکابینەی هه‌شتى حکومەتی ھەرێمی کوردستان، پاشان سوپاسی سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار و كۆمپانیا و دامەزراوەکانی كەرتی تایبەتی کرد کە پاڵپشتی زانکۆی ڕاپەڕین بوون لە سەرخستنی پڕۆژەکە، هەروەک پیرۆزبایی لەسەرجەم خوێندکارانی بەشداربووی پرۆگرامی ڕاھێنانی تواناکان کرد و ھیوای دواڕۆژێکی گەشی بۆ خواستن .
جێی باسە ئەم کۆمەڵە خوێندکارە، لە پڕۆگرامی ڕاهێنانی تواناکان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠- ٢٠٢١، واتا لە هاوینی ساڵی ڕابردوودا، لە یانزە كۆمپانیا و دامەزراوەی كەرتی تایبەت بە هەردوو شێوازی پڕاکتیکی و سەرهێڵ بەشداری خول و ڕاهێنانیان کردووە.
سه‌نته‌ری گه‌شه‌پێدانی بۆ کار لە زانکۆی ڕاپەڕین ساڵانه‌ له‌ڕێگه‌ی پرۆگرامی ڕاهێنانی تواناکان، خوێندکارانی زانکۆ له ‌ناوه‌ند و کۆمپانیا و دامەزراوە جۆراوجۆره‌کان ڕاهێنانیان پێده‌کات له‌پێناو زیاتر گرنگی دان به‌توانا و ئاستی خوێندکاران، هەروەک ئه‌م پرۆگرامه‌ هه‌لی کاری بۆ چه‌ندین خوێندکاری زانکۆ دەستەبەر کردووە.
پڕۆگرامی ڕاهێنانی تواناکان ، لە ماوەی ڕابردودا لەلایەن نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کاری تێدا کراوە، لەپێناو ڕاهێنان و ڕەخساندنی ده‌رفه‌تی کار بۆ خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان و ئامادەکردنیان بۆ بازاڕی کار .
ناوی ئەو كۆمپانیا و دامەزراوانەی كەرتی تایبەت کە هاوبەشی زانکۆی ڕاپەڕین بوون لە پڕۆگرامی ڕاهێنانی تواناکان:
- کۆمپانیای ئامانج
- کۆمپانیایی ئاسیاسێڵ- سلێمانی
- کۆمپانیایی سووره‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی بەرهەمیی پاکەرەوە- ڕانیه‌
- تاوەری تەندروستی سمارت- ڕانیە
- کۆمەڵگەی پزیشکی میللەت-ڕانیە
- نەخۆشخانەی کوردستانی تایبەت-ڕانیە
-ڕێکخراوی IREXی نێودەوڵەتی.
- فام سکوڵ قوتابخانە و باخچە
- پەیمانگای وشە بۆ فێربونی زمانە بیانیەکان
- تاقیگەی پزیشکی سۆز -قەڵادزێ
- تاقیگەی پزیشکی میدیا -قەڵادزێ
- خێزانی تەندروست (لەبواری خزمەتگوزاری تەندروستی)