University of Raparin Logo

زانکۆی ڕاپەڕین، لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک سیمپۆزیۆمێک ڕێکخرا

چاپکردن ئیمەیڵ

ئەمڕۆ دوو شەممە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٢، لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک دا، بە ئامادەبوونی بەڕێز (پ.ی.د. موفق خالید ابراهیم) سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت و بەشێك لە مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ و خوێندنگاکانی سنوری پەروەردەی ڕانیە، بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی ڕاپەڕین، سیمپۆزیۆمێکی زانستی لەژێرناونیشانی“زمانەكان و ململانێیان لە پێناو مانەوە و بە جیهانیبونیاندا” لە هۆڵی چالاکیەکانی زانکۆ ڕێکخست .

لە دەستپێکی سیمپۆزیۆمەکەدا، بەڕێز پ.ی.د. رزگار حاجی صاڵح راگری كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لە وتەیەکدا: وێڕای سوپاسی ئامادەبووان، پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک- ی لە ئامادەبووان و خوێندکارانی زانکۆ کرد، هەروەک وتیشی: زمانی کوردی لە ڕووی مێژویی زمانە جیهانییەکانەوە بە یەکێک لە زمانە هەرە دەوڵەمەندەکانی میژوی مرۆڤایەتی ئەژمار دەکرێت، هیواشی خواست ئەو ڕۆژە بکرێتە دەرفەتێک بۆ یەکتر قبوڵکردن و یەکڕیزی نەتەوەییمان.
دواتر لە سیمپۆزیۆمەکەدا ، بە سەرپەرشتی پ.ی. ڕێژنە معروف حسێن، سێ سیمینار پێشکەشکران، لە سیمیناری یەکەمدا د.جمال علی عمر تەوەرێکی بەناونیشانی (ئیمپریالیزمی زمانی ئینگلیزی و بەرهەڵستی زمانەکانی دیکەی جیهان ) پێشکەشکرد.
پاشان سیمیناری دووەم لەلایەن د.ئیبراهیم عبدالرحمن محمد بەناونیشانی (کارلێکی زمانەوانی، "عەرەبی و ئەوانی دیکە) پێشکەشکرا.
دواتر سیمیناری سێیەم و کۆتایی لەلایەن د.بڕوا رسول احمد ، بەناونیشانی (زمانی کوردی، لەنێوان ململانێی ناوخۆیی و دەرەکیدا) پێشکەشکرا.
بە گفتوگۆ و سەرەنجی ئامادەبوان لەسەر تەوەرەکان و بەخشینی سوپاسنامەی ڕاگرایەتی بە توێژەران، کۆتایی بە کارەکانی سیمپۆزیۆمەکە هات.