University of Raparin Logo

وێرکشۆپێک بۆ ڕەهەندەکانی کۆچی گەنجان لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو هەندەران ڕێکخرا

چاپکردن ئیمەیڵ

ئەمڕۆ دوو شەممە ٧ی ئاداری ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی بەڕێز (پ.ی.د. موفق خالید ابراهیم) سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و ڕێکخراوەکانی گەنجان و کۆچ و کۆچبەرانی سنورەکە و ژمارەیەک لە مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ ، بەشی جوگرافیا لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان، وێرکشۆپێکی بەناونیشانی (ڕەهەندەکانی کۆچی گەنجان لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو هەندەران ) ڕێکخست.

وێرکشۆپەکە، بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی شەهیدانی ئازادی کوردستان دەستیپێکرد، دواتر (پ.ی.د. بێستون احمد حسێن) سەرۆکی بەشی جوگرافیا وتەیەکی پێشکەشکرد: تیایدا وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، کورتەیەکی دەربارەی دیاردەی کۆچ و ڕەهەند و لێکەوتەکانی کۆچی گەنجان خستەڕوو.
لە وێرکشۆپەکەدا، دوو پانێلی زانستی دەربارەی ڕەهەندەکانی کۆچی گەنجانی هەرێمی کوردستان بەرەو هەندەران بەڕێوەچوون، لە پانێڵی یەکەمی وێرکشۆپەکە، سێ سیمینار پێشکەشکران، یەكەم سیمینار لەلایەن پ.ی.د. پشتیوان شفیق احمد بەناونیشانی (کاریگەری هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی ئیدارەی ڕاپەڕین لەسەر کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان-عیراق) پێشكەشكرا، دواتر پ.ی.د. ئاراز رمضان احمد سیمینارێکی دەربارەی (میدیا و کۆچ) پێشکەشکرد، پاشان د.محمد ناصر مصطفی سیمیناری سێیەمی بەناونیشانی (ڕەهەندە دەروونی و پەروەردەییەکانی کۆچ لە کۆمەڵگە و خێزاندا) پێشكەشكرد.
دواتر لە پانێڵی دووەمی وێرکشۆپەکە دوو سیمینار پێشکەشکران، سیمیناری یەکەم لەلایەن م.ی. هیوا محمود عبداللە بەناونیشانی (هۆکارە نەرێنییەکانی کۆچکردن لە هەرێمی کوردستان لەڕووی یاساییەوە) پشکەشکرا، پاشان بەڕێز ابوبکر علی عزیز تەوەرێکی بەناونیشانی (قوربانییەکانی کۆچ لە هەرێمی کوردستانی عیراق) پێشکەشکرد.
بەگفتوگۆ و سەرنجی ئامادەبووان لەسەر گشت تەوەرەکان و بەخشینی سوپاسنامەی سەرۆکایەتی زانکۆ بە پێشکەشکاران، كۆتایی بەكارەكانی وێرکشۆپەکە هێنرا.