ئەمڕۆ سێ شەممە ٨ی ئاداری ٢٠٢٢، بەبۆنەی ڕۆژی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی خانمان، بە ئامادەبوونی بەڕێز (پ.ی.د. موفق خالید ابراهیم) سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین و ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت و ڕێکخراوەکانی بواری ئافرەتان و ژمارەیەک لە مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ ، بەڕێوەبەرایەتی سێنتەری جێندەرناسی لە زانکۆی راپەڕین، سیمپۆزیۆمێکی بەناونیشانی (خوێندنەوەیەك بۆ واقیعی ئێستای ژن لە كۆمەڵی كوردەواریدا) ڕێکخست.
سیمپۆزیۆمەکە، بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی شەهیدانی ئازادی کوردستان دەستیپێکرد، پاشان وتاری سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی سێنتەری جێندەرناسی لەلایەن مامۆستا (بنار محمد) پێشکەشکرا.
لە سیمپۆزیۆمەکەدا، دوو پانێڵ دەربارەی واقیعی ئێستای ژن لە كۆمەڵی كوردەواریدا پێشکەشی ئامادەبووان کرا، پانێڵی یەکەمی سیمپۆزیۆمەکە لەلایەن مامۆستا ئارەزوو محمود سەرپەرشتیکرا، بەناونیشانی (واقعی ژن لە سیاسەت و یاسا بەرکارەکاندا)، کە تیایدا دوو سیمینار پێشکەشکران، سیمیناری یەكەم لەلایەن پ.ی.د. پەیمان رمضان احمد بەناونیشانی (ڕۆڵی ژن لەکایەی زانستدا) پێشكەشكرا، دواتر مامۆستا پەیمان عزەدین سیمینارێکی دەربارەی (دۆخی ژنان لە یاسا بەرکارەکان و کاریگەری لەسەر گۆڕانکارییەکان) پێشکەشکرد.
پاشان پانێڵی دووەمی سیمپۆزیۆمەکە بەناونیشانی (پرسی جێندەر و فێمینیزم لە كۆمەڵی كوردەواریدا) لەلایەن مامۆستا ڕۆشنا محمد سەرپەرشتیکرا ، کە تیایدا دوو سیمیناری دیکە پێشکەشکران، سیمیناری یەکەم لەلایەن مامۆستا ئارام تۆفیق حەمەسەعید بەناونیشانی (توندوتیژی جێندەری، خوێندنەوەیەك بۆ پێگەی ژن لە كۆمەڵی كوردەواریدا) پشکەشکرا، پاشان بەڕێز هاوژین زیبا تەوەری کۆتایی سیمپۆزیۆمەکەی بەناونیشانی (خەباتی فێمینیزم لە كۆمەڵی كوردەواریدا) پێشکەشکرد.
بەگفتوگۆ و سەرنجی ئامادەبووان لەسەر ناوەڕۆکی تەوەرەکان و بەخشینی سوپاسنامەی سەرۆکایەتی زانکۆ بە پانێڵستەکان، كۆتایی بەكارەكانی سیمپۆزیۆمەکە هات.