لەبەسەرکردنەوەیەکى مەیدانیداو بەمەبەستى بەدواداچون و بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربون لەکێشەو گرفتەکانیان، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى حكومەتی هەرێمی كوردستان هەردوو کۆلێژى پەروەردەو زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵیەكانی لەکەمپەسی قەڵادزێ بەسەرکردەوەو بەڵێنى هەوڵدانی بۆ چارەسەرەکردنى کێشەکاندا.
ئەمڕۆ یەکشەممە (3ی نیسانی 2022)، بەڕێز (د. ئارام محمد قادر ) وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەیاوەرى بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى وەزارەت، سەردانی هەردوو کۆلێژى پەروەردەو زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵیەكانی زانكۆی راپەڕینی لەكەمپەسی قەڵادزێ كردو لەنزیکەوە لەگەڵ خوێندکارانیش کۆبۆوە.
لەگەڵ گەیشتنى بۆ قەزاى قەڵادزێ، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لەدوو کۆبونەوەى جیادا لەگەڵ هەریەک لەڕاگرایەتى و ستافى هەردوو کۆلێژى پەروەردەو زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵیەكان کۆبۆوە، دواتریش بەشێک لەو کێشانەی خرانەڕوو چارەسەرکران و بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا بەڵێنیشیدا بەجدى لەگرفتەکانى دیکەی كۆلێژەكان بکۆڵێتەوەو بەپێى توانا چارەسەرى گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە.
لەمیانی سەردانەكەیدا بەڕێز د. ئارام محمد قادر لەنزیکەوە لەگەڵ خوێندکارانی كەمپەسی قەڵادزێ کۆبۆوەو گوێى بۆ کۆى کێشەو گرفتەکانیان گرت و خۆشحاڵى خۆى بەو سەردانەو کۆبونەوەى لەگەڵ خوێندکاران نیشانداو ڕایگەیاند: دەمێک بو دەمویست لەنزیکەوە ئاگادارى کاروبارى کۆلێژەکانتان بم و لەنزیکەوە گوێم لەڕاو سەرنج و پێشنیازەکانتان بێت بۆ پێشخستنى بوارى خوێندنى باڵا لەسنورەکەتان، بۆیە هیواى خواست دیدارەکەى لەگەڵ خوێندکارانى سنورەکە بێتە مایەی تیگەیشتنی هاوبەش و پێکەوە هاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی گرفت و داواکارییەکانیان.
لەلایەن خۆشیانەوە خوێندکارانی كەمپەسی قەڵادزێ، خۆشحاڵى خۆیان بەو بەسەرکردنەوەیەی وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى دەربڕى و بەڵێنیان دوپاتکردەوە کار بۆ سەرخستنى بوارى خوێندنى باڵا لەسنورەکە بکەن.