لەساڵڕۆژی بۆردومانكردن و خۆپیشاندانی (24ی نیسانی 1974 و 1982)ی شاری قەڵادزێ و رۆژی شەهیدی زانكۆدا، سەرۆكی زانكۆی راپەڕین، وتارێكی بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:
خەڵكی تێكۆشەرو شۆڕشگێڕی دەڤەری پشدەرو شاری قەڵادزێ، هەمیشە لەسەنگەری پێشەوەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد بونە لەباشوری كوردستان، قەڵادزێ كانگەو لانكی شۆڕش و پشتیوانی شۆڕشگیڕانی گەلەكەی بوە لەمێژودا، هەربۆیە ئەم شارە روبەڕوی چەندین پەلاماری نامرۆیی و نایاسایی بۆتەوە لەلایەن رژێمی دیكتاتۆری سەدام و حكومەتەكەی.
لەدوای گوشار خستنە سەرداخستنی زانكۆی سلێمانی و گواستنەوەی بۆ شاری قەڵادزێ، خەڵكی ناوچەكە شێلگیرانە باوەشیان بۆ زانكۆی سلێمانی كردەوە لەو رۆژە سەختانەدا كە زانكۆی سلێمانی و نەتەوەكەمان دوچاری بوبونەوە، بەوەش قەڵادزێ لاپەڕەیەكی دیكەی خستە سەر مێژووی پڕ لەنەبەردی سنورەكەی، لەهەمبەر ئەم هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەی ناوچەكەدا رژێمی بەعسی فاشیست لەبەرەبەیانی رۆژی (٢٤ – ٤ - ١٩٧٤)دا، بەفڕۆكەی جەنگی و چەكی ناپاڵمی قەدەغەكراو شاری قەڵادزێی بۆردومانكردو زانكۆی سلێمانی كە بەزانكۆی شۆڕش ناسرابو لەو شارە شەهید كردو لەدەرەنجامدا چەندین خوێندكارو مامۆستای شەهیدو برینداركرد. هەروەها چەندین هاوڵاتی سیڤیلی شارەكە شەهیدبون و بەشێكی زۆری شارەكەش خاپوركراو خەڵكی شارەكەش ئاوارەبون.
مێژووی شۆڕشگێڕیی نەتەوەیی كورد شاهیدی جوڵانەوە شۆڕشگێڕییەكانی دەڤەری پشدەر دەدات، هەربۆیە لەدوای خاپوركردنی شاری قەڵادزێ و شەهیدكردنی زانكۆی سلێمانی، و لەساڵیادی ئەو تاوان و كارەساتە نامرۆییەدا، خەڵكی شاری قەڵادزێی نەبەرد خۆپیشاندانی جەماوەریان ئەنجامدا، لەرۆژی (٢٤ – ٤ -١٩٨٢)دا بەداخەوە بۆ جاری دوەم رژێمی دیكتاتۆری بەعس كەوتە وێزەی هاوڵاتیانی سیڤیلی شارەكەو دوبارە قەڵادزێ شەهید كرایەوە.
بۆ بەپیرۆز هێشتنەوەی یادەوەری مێژووی پڕ لەبەردی و شۆڕشگێڕی دەڤەری پشدەرو شاری قەڵادزێ، ساڵانە ساڵیادی بۆردومانكردن و شەهیدكردنی زانكۆی سلێمانی لەو شارە دەكرێتەوە، هەر بۆ بەشكۆ هێشتنەوەی ئەم مێژووە، زانكۆی راپەڕین چالاكی جۆراوجۆری زانستی رێكدەخات و لەماوەی ساڵانی رابروشدا چەند كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی لەو یادەدا رێكخستوەو لەداهاتوشدا چەندین چالاكی دیكەی زانستی و ئەكادیمی رێكدەخات.
یادەوەری شۆڕشگێڕی نەتەوەكەمان و شارو گوندەكانی ناوچەكەمان، لەقوڵایی هزرو بیرماندا بۆ هەمیشە زیندون، هەربۆیە لەرۆژی شەهیدی زانكۆدا سەری رێزو نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان و شەهیدانی هەردو كارەساتی خاپوركردنی شاری قەڵادزێ و شەهیدانی زانكۆی سلێمانی دادەنەوێنین. و داواش لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە كاری جدی بۆ پڕۆژەكانی ئاوەدانیی و خۆشگوزەرانی دەڤەری پشدەر بكات كە لەئاست خەبات و تێكۆشان و شەهیدانی قەڵادزێ-دا بێت.
پ.ی.د. موفق خالد ابراهیم
سەرۆكی زانكۆی راپەڕین