ئەمڕۆ (26ی نیسانی 2022) ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕین، كۆبونەوەیەكی نائاساییدا سەبارەت بەدۆخی نەخوازراوی موچەو دواكەوتن و خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانی مامۆستایان و فەرمانبەران و دەرماڵەی خوێندكاران ئەنجامدا. كە ئەمە دەقی كۆنوسی كۆبونەوەی ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕینە:
ئەنجومەنی زانكۆ لەرۆژی سێشەممە (26 – 4- 2022) كۆبونەوەی نائاسایی ساڵی خوێندنی (2021 – 2022)ی بەئامادەبونی گشت ئەندامان ئەنجامدا، بەمەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی نەخوازراوی موچەو ناڕەزایەتی ستافی فەرمانبەران و مامۆستایانی زانكۆمان، سەبارەت بەدواكەوتنی موچەكانیان.
ئەنجومەن گفتوگۆیەكی چڕی بابەتەكەی كردو سەرجەم ئەندامان هاوڕابون لەسەر ئەوەی كە پێویستە قوتی فەرمانبەران بەدووبگیرێت لەهەر ململانێیەكی سیاسیی، و گەمارۆ نەخرێتە سەر بژێوی ژیانیان، چونكە دەمێكە فەرمانبەران و ماڵ و منداڵیان قورسایی قەیرانی داراییان لەسەر شانەو بڕستی لێبڕیون. هەروەها زانكۆش زەرەرمەندی یەكەم بوە لەهەموو ئەو قەیرانانەی لەساڵانی رابردوەوە روبەڕومان بونەتەوە، كە كاریگەری نەرێنی لەسەر توانای فەرمانبەران و كوالێتی كاروبارەكانیان هەبوە، بۆیە داوا دەكەین كە موچەو شایستە داراییەكانی مامۆستایان و فەرمانبەران و دەرماڵەی خوێندكاران كە كرێی ماندوبونی خەڵكە، لەكاتی خۆیدا خەرجبكرێت بەبێ دواكەوتن.
ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕین
26ی نیسانی 2022