ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٥ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، لەدیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە سیستمی ئەلیکترۆنی لەچوارچێوەی پڕۆژەی خزمەت و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لەڕێی پۆرتاڵی خزمەت بەڕێوەچوو .
بەسەرپەرشتی د. توانا نجف محمدخان و بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم زانکۆکان لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کۆبوونەوەیەک تایبەت بە پڕۆژەی خزمەت و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لەڕێی پۆرتاڵی خزمەت (https://services.gov.krd) بەڕێوەچو و لەکۆبونەوەکەدا (م.ی.عمران عبداللە حاجی) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئامارو ئایتی وەک نوێنەری زانکۆی ڕاپەڕین بەشداری کرد .
هەر لەکۆبوونەوەکەدا، بەرنامەی پێویست دانرا بۆ ئەوەی لەماوەیەکی نزیکدا سەرجەم ئەو خزمەتگوزاریانەی لە دیوانی وەزارەت و زانکۆکان پێشکەش دەکرێ لەپۆرتاڵی خزمەت دابنرێت بە ئامانجی کارئاسانی کردنی تەواو بۆ سەردانیکەرانی وەزارەت و زانکۆکان .
پڕۆژەکە، لەلایەن جێگری سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی دەکرێت، ئامانج لێی کەمکردنەوەی ڕۆتین و کارئاسانیکردنە بۆ هاوڵاتیان بۆ ئەوەی لەکاتی سەردانیکردنی هەر دامەزراوەیەکی حکومەتی هەرێم لەڕێگەی پۆرتاڵی خزمەتەوە بەرچاوڕوونی تەواویان دەست بکەوێت سەبارەت بە شێواز و بەڵگەنامەی پەیوەست بەکارەکانیان لە تەواوی دامەزراوە حکومییەکان.
هەروەک پڕۆژەکە دەبێتە بناغەیەك بۆ بە دیجیتاڵ كردنی حكومەت و سەرپێخستنی سیستەمی یەك پەنجەرەیی كە ئامانج لێی نەھێشتنی روتین و ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵییە لەگەڵ باشتر پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بە هاوڵاتیان .