University of Raparin Logo

زانكۆی ڕاپەڕین ئۆغربوونی نووسەر و ئەكادیمی و وەرگێڕ و ڕەخنەگری ناوداری كورد (دكتۆر عەزیز گەردی) بە خەسارەتێكی گەورە بەر ڕەخنەی ئەدەبیی كوردی و ئەفسانەناسیی دادەنێت.

چاپکردن ئیمەیڵ

كۆچی یەكجارەكیی گەورە ڕەخنەگری بواری ئەدەبیاتی كوردی و ئەفسانەناسیی جیهانی (دكتۆر عەزیز گەردی) لە دڵەوە خەمباری كردین. بەو هۆیەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و كەسوكار و خوێنەران و خۆمان دەكەین. كۆچكردنی نووسەری ناوبراو بە كوژانەوەی ئەستێرەیەكی گەشی ئەدەبیاتناسیی كوردی دەزانین و بۆشاییەكی گەورە لە كتێبخانەی كوردی و ڕەخنەی ئەدەبیی كوردی دروست دەكات. كۆچكردوو زیاتر لە شەش دەیەیە بێ پشوو خزمەتێكی نەبڕاوەی بە هەردوو شێوە (نووسینی كتێب و وەرگێڕان) و (وانەگوتنەوە لە زانكۆ) كردووە و، خەرمانێك لە بەرهەمی بۆ ئەمڕۆ و داهاتوو وەدیهێناوە. لە ماوەی ژیانیدا دەیان كتێبی (لێكۆڵینەوەی ئەدەبی كوردی) نووسیوە و (دەیان كتێبی جیهانی بە زمانە زیندوو و جۆربەجۆرەكانی دنیا وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی). لە یەزدانی مەزن دەخوازین كۆچكردوو بخاتە بەر ڕەحمەتی خۆی و شەونخونی و تەقەلاكانی بە چاكە و خوداپەرستی هەژمار بكات. إنّا لله وإنّا إليهِ رَاجعُون سەرۆكایەتیی زانكۆی ڕاپەڕین ٦-٦-٢٠٢٢