بەئامادەبونى (د. ئارام محمد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆکى زانکۆى راپەڕین بەڕێوەچو، کە بەڕێز (پ.ی.د. پەیمان رەمەزان احمد) لەشوێنى بەڕێز (پ.ی.د. موفق خالد) وەک سەرۆکى نوێى زانکۆى راپەڕین دەستبەکاربو.
ئەمڕۆ پێنجشەمە ڕێکەوتى (2022/7/21) بەئامادەبونى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بریكاری وەزارەت و سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى راپەڕین و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت، لەڕێوڕەسمێکى تایبەتدا لەئەنجومەنى زانکۆ، ئاڵوگۆڕ لەپۆستى سەرۆکى زانکۆى راپەڕین ئەنجامدرا.
لەمیانی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕییەكەداو لەوتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمی كوردستان، کارەکانى سەرۆکى پێشوى زانکۆى راپەڕینی بەرز نرخاند كە لەماوەی رابردوودا لەپێناو خزمەتكردنی زانكۆی راپەڕین ئەنجامیداون، و رۆڵی بەرچاوی هەبوە لەبەرەوپێشبردنی سێکتەرى خوێندنى باڵا لەزانكۆی راپەڕین، هەروەكچۆن وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی داواشى لەئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى راپەڕین کرد بەهەمان شێوەی ڕابردو پشتیوانی لەسەرۆکى نوێى زانکۆ بکەن بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەرک و كارو پرۆژە زانستییەکان.
هەر لەوتەکەیدا بەڕێز د. ئارام محمد قادر ئاماژەى بەگرنگی هاوسەنگی جێندەری كرد لەبواری بەڕێوەبردنداو بەتایبەتیش لەسێكتەری خوێندن و خوێندنی باڵاو لەناو زانكۆكاندا، كە ئەوەش دەستكەوتێكی گرنگە بۆ زانكۆی راپەڕین كە خاتونێك لەماوەی چوار ساڵی داهاتودا بتوانێت خزمەت بەزانكۆكەو دەڤەرەكەش بكات.
لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا لەڕێوڕەسمى ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆکى زانکۆى راپەڕین، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: كە لەبەرئەوەی زانكۆی راپەڕین هاوشێوەی زانكۆكانی دیكەی هەرێمی كوردستان یەكێكە لەدامەزراوە زانستییە گرنگەكان، پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ پەرەپێدانی زیاترو بەرەو پێشبردنی زانكۆی راپەڕین دوبارەكردنەوەو هیوای خواست لەگەڵ دەستبەکاربونى سەرۆکى نوێى زانکۆ، ئەم زانکۆیە لەسەرجەم ڕوەکانەوە زیاتر پێشکەوێت و سەربەخۆیی تەواویان بۆ دەستەبەربکرێت و دەست کراوە بن بۆ ئەنجامدانى پرۆژەى گرنگى ئەکادیمى.
هەر لەرێوڕەسمەكەدا، بەڕێز (د. عبدالفتاح عبدالرزاق) بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، وتەیەكی پێشكەشكردو تیایدا بەگرنگیەوە باسی لەپەرەپێدانی زانكۆی راپەڕین كرد، و دەستخۆشی لەسەرۆكی پێشوی زانكۆكە كرد لەپای هەوڵ و كۆششەكانی لەماوەی ساڵانی رابردودا كە بۆ زانكۆكە كردون، هەروەكچۆن هیوای سەركەوتنی بۆ سەرۆكی نوێی زانكۆی راپەڕینیش خواست.
هەر لەڕێوڕەسمەکەدا هەریەک لە بەڕێز (پ.ی.د. موفق خالد ابراهیم) سەرۆکى پێشوى زانکۆ و (پ.ی.د. پەیمان رەمەزان) سەرۆکى نوێى زانکۆ لەدو وتەى جیادا ئاماژەیان بە رۆڵ و پێگەى زانکۆى راپەڕین لەهەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە کردو دوپاتیان کردەوە وەک هەمیشە لەخزمەتکردن و پێشخستنى زانکۆى راپەڕین درێغى ناکەن و ئەوەى لەتواناى ئەواندابێت بۆ پێشکەوتنى زانكۆكە بەردەوامى پێدەدەن.