University of Raparin Logo

كونسوڵی گشتی بەریتانیا سەردانی زانكۆی راپەڕینی كرد

چاپکردن ئیمەیڵ

ئەمڕۆ دوو شەممە (25ی تەمموزی 2022) بەرێز (پ.ی.د. پەیمان رەمەزان احمد) سەرۆكی زانكۆی راپەڕین و ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ پێشوازیان كرد لەكونسوڵی گشتی بەریتانیا لەهەرێمی كوردستان و وەفدێكی یاوەری كە سەردانی زانكۆی راپەڕینیان كرد، لەدوای پیرۆزبایی دەستبەكاربونی سەرۆكی نوێی زانكۆ، لەكۆبونەوەیەكدا چەندین تەوەری گرنگ گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.

سەرەتا بەڕێز (پ.ی.د. پەیمان رەمەزان احمد) سەرۆكی زانكۆی راپەڕین، لەدوای بەخێرهاتنی كونسوڵی گشتی بەریتانیاو وەفدی یاوەری، بەگرنگەوە باسی لەكاری پێكەوەی زانكۆو ناوەندە ئەكادیمییەكان و كونسوڵگەرییەكان لەهەرێمی كوردستان كرد، هەروەكچۆن باسی لەكارو پڕۆژەكانی زانكۆی راپەڕین كرد لەپڕۆسەی بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆی راپەڕیندا. لەمیانی قسەكانیدا سەرۆكی زانكۆ داواشی لەكونسوڵی گشتی بەریتانیا كرد هاوكاری زیاتری زانكۆی راپەڕین بن، لەكارو پڕۆژەو پڕۆگرام و زەمالەكانیاندا بۆئەوەی هەوڵبدرێت زانكۆ تازەكان ستافی زانستی پێبگەیەنن و لەبواری زانستی و فێركردندا سودیان لێوەربگرن.
لەكۆبونەوەكەدا دەیڤید هانت كونسوڵی گشتی بەریتانیا لەهەرێمی كوردستان، تیمی یاوەری ناساندو وێڕای پیرۆزبایی لەدەستبەكاربونی سەرۆكی نوێی زانكۆی راپەڕین، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە بەپێویستیان زانیوە سەردانی زانكۆی راپەڕین بكەن، بۆئەوەی ببێت بەدەرفەتێكی گرنگ بۆ كاری پێكەوەیی و هاوكاری ئەكادیمیی و زانستی و دروستكردنی پەیوەندی لەنێوان زانكۆی راپەڕین و دامەزراوە ئەكادیمی و زانستییەكان لەبەریتانیا.
دواتر (م.ئاراز محمد) بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی زانكۆی راپەڕین پوختەیەكی دەربارەی پەیوەندییە ئەكادیمییەكانی زانكۆی راپەڕین باس كرد. هەروەكچۆن باسی لەپلانی بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆ كردو ئەو پڕۆژانەی رونكردنەوە كە لەماوەی رابردودا ئەنجامدراون.
لەكۆبونەوەكەدا (م. خالید علی) بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدان و زمان كورتەیەكی دەربارەی سەنتەری زمانی زانكۆی راپەڕین بۆ ئامادەبوان خستەڕو. بەتایبەتیش دەربارەی ئەو كورسە فێركارییانەی زمانی ئینگلیزی كە لەسەنتەرەكە دەركرێنەوە.
هەر لەكۆبونەوەكەدا (م. محمد رسوڵ) بەڕێوەبەری سەنتەری پێداگۆجی زانكۆی راپەڕین باسی لەو كۆرسانە كرد كە لەسەنتەرەكە بۆ راهێنانی مامۆستایان دەكرێنەوە. و یەكەكانی پڕۆگرامەكانیشی رونكردنەوە. ئەوەشی خستەڕو كە ئەزمونی ستافی سەنتەرەكانی پێداگۆجی لەناوەندە ئەكادیمییەكانی دەرەوە سودبەخشبوەو لەئێستادا توانیویانە چەندین خولی پێداگۆجی بۆ ستافی ئەكادیمی زانكۆی راپەڕین و فێرخوازانی سنورەكەش بكەنەوە.
لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا (م. جوتیار اسماعیل) بەڕێوەبەری سەنتەری جێندەری زانكۆی راپەڕین ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە بەهۆی ئەوەی سنوری راپەڕین بەرفراوانە و چەندین فاكتەری دیكەی كۆمەڵایەتیش وایكردوە كە كاریگەرییان لەسەر هاوسەنگی جێندەری و توندوتیژی جێندەری هەبێت لەسنورەكە. بەشێكیش لەپڕۆگرام و خولی راهێنان و پڕۆژەی سەنتەرەكەی رونكردنەوە كە لەبەرنامەیاندایە بۆئەوەی لەداهاتویەكی نزیكدا جێبەجێیان بكەن.
هەروەكچۆن، بەئامادەبونی (م. رێبین اسماعیل) بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدان بۆ كار لەزانكۆی راپەڕین، باس لەگرنگی پڕۆژەو خول و راهێنانەكانی سەنتەری گەشەپێدانی كار كرا بۆ خوێندكارانی زانكۆ و ئاشنا كردنیان بەژینگەی كاركردن و راهێنان و بەرزكردنەوەی توانستی پڕۆفێشناڵیان و ئامادەكردنیان بۆ بازاڕی كار.
دواتر (پ.د. سەنا حسن) راگری كۆلێژی پەرستاری كورتەیەكی دەربارەی كارو چالاكییەكانی كۆلێژی پەرستاری و پڕۆگرام و پڕۆژەكانی كۆلێژەكە خستەڕوو.
هەروەها (د. محمد حمە علی رشید) راگری كۆلێژی زانست وتەیەكی پێشكەشكردو باسی لەگرنگی دروستكردنی پەیوەندییە زانستییەكانی كۆلێژی زانستی زانكۆی راپەڕین و دامەزراوە ئەكادیمی و زانستییەكانی بەریتانیای كرد، هەروەكچۆن باسی لەپێویستی هاوكاری كۆلێژی زانست كرد بۆ راهێنانی ستافی ئەكادیمی كۆلێژەكە لەلایەن شارەزاو دامەزراوەكانی بەریتانیا. دواتریش باسی لەكۆمەڵێك پڕۆژەی كۆلێژەكە كرد كە لەبوارە زانستییە جیاوازە جیاوازەكاندا لەماوەی رابردوودا ئەنجامیانداون.
لەكۆبونەوەكەدا (پ.ی.د. جەمال علی) سەرۆكی بەشی ئینگلیزی لەكۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت، باسی لەنوێكردنەوەی پڕۆگرامەكانی خوێندن كرد لەبەشەكانی زمانی ئینگلیزی لەزانكۆی راپەڕین، وتیشی: بۆ نوێكردنەوەی پڕۆگرامەكانی خوێندن سودی زۆریان لەپڕۆگرامی خوێندنی زانكۆكانی بەریتانیا وەرگرتوە، باسیشی لەو بەربەست و كێشانە كرد كە لەپڕۆسەی خوێندن روبەڕویان دەبنەوە بەتایبەت لەپڕۆسەی فێركردندا. هەروەها پێشنیازی كرد كە كونسوڵگەری بەریتانیا لەهەرێمی كوردستان خولێكی بەهێزكردنی زمانی ئینگلیزی لەزانكۆی راپەڕین بكاتەوە كە سودی زۆری دەبێت بۆ گەشەپێدانی توانستی زمانی ئینگلیزی ستافی زانكۆكەو فێرخوازانی سنورەكەش.

هەر لەكۆبونەوەكەدا خاتو (هەنار مەعروف) بەرپرسی سیاسیی كونسوڵخانەی گشتی بەریتانیا لەهەرێمی كوردستان، باسی لەزەمالەكانی خوێندن لەزانكۆكانی بەریتانیا كردو ئاماژەی بەچەندین خوێندكار كرد لەهەرێمی كوردستان و عێراق كە لەساڵی 2005ەوە توانیویانە بچن لەزانكۆكانی بەریتانیا بخوێنن لە خوێندنی باڵاو خولی راهێنان بەشێوەی زەمالە، ئامادەیشیان دەربڕی سیمیناری تایبەت لەزانكۆی راپەڕین بكەن بۆ شێوازی پێشكەشكردن زەمالەكانی بەریتانیا بۆ ستاف و خوێندكارانی زانكۆی راپەڕین.