ئامادەكاری بۆ كردنەوەی بەشی بەڕێوەبردنی كار لەخوێندنی ئێواران دەكرێت
ئەمڕۆ سێشەممە (2ی ئابی 2022) بەئامادەبونی (پ.ی.د. پەیمان رەمەزان احمد) سەرۆكی زانكۆ و (پ.ی.د. دارا تۆفیق كاكەئەمین) یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران و (پ.ی.د. پێشەوا حەمید) راگری كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكان و (د. كەمال بەرزنجی) بەڕێوەبەری زانستخوازی و دڵنیایی جۆری زانكۆو (د. هەژار قادر) بەڕێوەبەری تۆمارگای زانكۆو سەرۆكی بەشی بەڕێوەبردنی كارو مامۆستایانی بەشەكە لەكۆبونەوەیەكدا ئامادەكارییەكانیان بۆ كردنەوەی بەشی بەڕێوەبردنی كار-یان لەخوێندنی ئێواران خستەڕو.
سەرەتا لەكۆبونەوەكەدا سەرۆكی زانكۆ گرنگی و پێویستی كردنەوەی بەشی بەڕێوەبردنی كاری لەخوێندنی ئێواران رونكردنەوە كە خواستی زۆری خوێندكارانی سنورەكەی لەسەرەو هەنگاوێكی گرنگیش دەبێت بۆ خزمەتكردنی سنوری راپەڕین و زانكۆی راپەڕینیش.
دواتر ئامادەبوانی كۆبونەوەكە پێویستی ئامادەكارییەكانیان خستەڕو و باسیان لەپێداویستییەكانی كردنەوەی بەشەكە كردەوە، هەروەكچۆن شێوازی كردنەوەی بەشەكەو زمانی خوێندن و شێوازی وەرگرتنی خوێندكاران لەبەشەكەو میكانیزمەكانی دڵنیایی جۆری و زانستخوازی بەردەوام و تۆماركردنی بەشەكە لەزانكۆ لاین رونكرانەوە.
لەكۆتایی كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا ئامادەكاری پێویست و تەواو بكرێت بۆ كردنەوەی بەشی بەڕێوەبردنی كار لەخوێندنی ئێواران بۆ ئەمساڵی خوێندنی (2022 – 2023).