لەنوێترین وەشانی وێبۆماترێكسدا: زانكۆی ڕاپەڕین، ئاستێكی باڵای لەڕیزبەندی زانكۆكانی كوردستان و جیهاندا بەدەستهێنا
بەپێی دووەمین وەشانی ئەمساڵی (2022)ی ڕیزبەندی وێبۆماترێكس بۆ زانكۆكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و جیهان، زانكۆی ڕاپەڕین ئاستێكی باڵاو پێوانەیی لەڕیزبەندی زانكۆكانی كوردستان بەدەستهێنا بەبەراورد بەساڵانی رابردوو و وەشانی یەکەمی مانگی یەکی ئەمساڵی (٢٠٢٢).
بەپێی دووەمین وەشانی ڕیزبەندی وێبۆماترێكس لەساڵی (2022)دا کە ئەمڕۆ ڕاگەیندرا، زانكۆی ڕاپەڕین پلەی (37) هەمین ئاستبەرزترین زانكۆیی لەکۆی (122) زانکۆ لەسەر ئاستی عێراق و پلەی (15)هەمین زانكۆی لەنێوان (32) زانكۆی حكومی و ناحکومییەکانی هەرێمی كوردستان بەدەستهێناوە. هەروەها بەپێی هەمان ڕیزبەندی لەسەر ئاستی جیهان زانكۆی راپەڕین پلەبەندی (٤٧٨٨)ی وەرگرتوە لەكۆی زیاتر لە (31) هەزار زانكۆ لەجیهاندا كە لەریزبەندییەكەدان.
لەكاتێكدا لەماوەی ساڵانی ڕابردودا بەپێی ڕیزبەندی وێبۆماترێكس بۆ زانكۆكان لەسەر ئاستی جیهان زانكۆی ڕاپەڕین بەردەوام لەگەشەی زانستیدابوەو بەپێی داتا بڵاوكراوەكانی وێبۆماترێكس لەساڵی 2018 لەسەر ئاستی جیهان لە پلەبەندی(23761)بووەو لەساڵی 2019دا لەسەر ئاستی جیهان لەپلەبەندی (22496) بوەو لەساڵی 2020دا لەسەر ئاستی جیهان لەپلەبەندی (13650) و لەساڵی 2021 لەسەر ئاستی جیهان لەپلەبەندی (10668) بووە، هەروەها بۆ وەشانی یەکەمی مانگی یەکی ئەمساڵ (2022) لەسەر ئاستی جیهان پلەبەندی (5161) بوو، بەڵام لەوەشانی دووەمی مانگی تەمموزی ئەمساڵ (2022) لەناو ڕیزبەندی زانكۆكان لەجیهاندا لە پلەبەندی (4788)دایە، کە (373) پلەبەندی لەڕیزبەندیەكەی وێبۆماترێكسدا هاتۆتە پێش بەبەراورد بەوەشانی یەکەمی ڕیزبەندییەکە.
شایەنی باسە زانکۆی ڕاپەرین لەمساڵدا لەوەشانی دووەمی ڕیزبەندی گۆگڵ سکۆلەر سایتەیشنی زانکۆکانی جیهانیش لەڕیزبەندی وێبۆماتریکسدا بەپلەی (1324) سایتەیشن هاتۆتە ناو ڕیزبەندییەکانی جیهان.
زانکۆی راپەڕین کاردەکات تا لەداهاتودا بتوانێت لەڕیزبەندیە نێودەوڵەتیەكانی دیكەشدا ئاستی باش و بەرزتر تۆمار بکات.
بەو بۆنەیەوە، بەناوی سەرۆكایەتی زانكۆی ڕاپەڕینەوە، پیرۆزبایی لەسەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی زانكۆمان دەكەین، و رێزو سوپاس و پێزانینی سەرۆكایەتی زانكۆ ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستایان فەرمانبەرانمان دەكەین، كە ڕۆڵ و كاریگەرییان هەبوە لەبەرەو پێشبردنی زانكۆی ڕاپەڕین و چونەوە پێشەوەی پلەبەندی ڕیزبەندی زانكۆمان لەڕیزبەندی وێبۆماترێكس لە دووەمین وەشانی ساڵی (2022)دا.