کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت، ئامادەکاری بۆ كردنەوەی خوێندنی ماستەر و دبلۆمی باڵا دەکات.
ڕۆژی دووشەممە 16-8-2022 بەڕێز پ.ی.د.ڕزگار حاجی صاڵح ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکردنی پڕۆپۆزەڵی خوێندنی باڵا (ماستەر و دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی) لە ھەردوو بەشی زانستی کۆمپیوتەر و بیرکاری بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ کرد، کۆبونەوەکە بە ئامادەبوونی ھەردوو سەرۆکی بەشی ناوبراو و ئەندامانی لیژنەی ئامادەکار بەرێوەچوو.
لە کۆبونەوەکەدا ڕاگری کۆلێژ تیشکی خستەسەر گرنگی کردنەوەی خوێندنی باڵا لە ھەردوو بەش، کە مەبەست لێی پێگەیاندنی کادیری زانستییە بۆ زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین. لە کۆتایدا بڕیاردرا لەماوەی دوو ھەفتەدا لە چواچێوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کارەکان بەکۆتا بگەیەنرێ.
جێگای ئاماژەکردنە، پێشتر و لەچوارچێوەی گرنگیدانی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لە بواری خوێندنی باڵا، پڕۆپۆزەڵی کردنەوەی ماستەر لە بوارەکانی زمانی ئینگلیزی و ڕێگاکانی وانەوتنەوە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ ئامادەکراوە.