حەوت ساڵە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری جێبەجێکردنی بۆڵۆنیا پرۆسێسی داوە، لەسەرەتاى هەفتەى داهاتو لەڕێگەى ئەنجامدانى کۆنفرانسێکى زانستى بەبەشدارى پسپۆڕە نیشتمانى و نێودەوڵەتییەکان پێداچونەوەو هەڵسەنگاندن بۆ ڕەهەندە جیاجیاکانی ئەم پرۆسەیە دەکرێت، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیبەیتی زانستی گرفت و ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئەم پرۆسەیە دەستنیشان بکرێت و ڕێکار و نەخشەڕێگای گونجاو بۆ چارەسەرکردنیان دیاری بکرێت.
لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (2022/8/22) بە سەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبونەوەى لێژنەى باڵاى زانستى کۆنفرانسى بۆلۆنیا پرۆسێس لە هەرێمى کوردستان بەبەشدارى ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرى گشتى و نوێنەرى زانکۆکانى کوردستان بەڕێوەچو.
لەدەستپێکى کۆبونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەوتەیەکدا ئاماژەى بە گرنگى سیستمى بۆلۆنیا پرۆسێس کردو ڕایگەیاند: بۆ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئەم پرۆسەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی قوتابیان و خوێندکاران لە چەقی پرۆسەی خوێندندابن و ژینگەی داهێنان و پەرەپێدانی توانای کارسازی و کارامەییە جۆراوجۆرەکان باشتر بڕەخسێنێت، هەروەها یارمەتیدەر دەبێت بۆ فراوانکردنی ڕەهەندە نێودەوڵەتییەکانی خوێندنی باڵای هەرێمەکەمان لە ڕێگای ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و توێژەران و قوتابیان و خوێندکاران و دەستکەوتنی گرانت و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ڕیفۆرمی کەرتی خوێندنی باڵا.
وتیشى: ئامانجى بەستنى کۆنفرانسى زانستى بۆلۆنیا پرۆسێس بەبەشدارى پسپۆڕە نیشتمانى و نێودەوڵەتییەکان پێداچونەوەو هەڵسەنگاندنە بۆ ڕەهەندە جیاجیاکانی ئەم پرۆسەیە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیبەیتی زانستی گرفت و ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئەم پرۆسەیە دەستنیشان بکرێت و ڕێکار و نەخشەڕێگای گونجاو بۆ چارەسەرکردنیان دیاری بکرێت.
جێگەى ئاماژە بۆ کردنە لە ساڵی (٢٠١٥)وە وەزارەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری جێبەجێکردنی بنەماکانی بۆڵۆنیا پرۆسێسی داوە، وەک هەنگاوی یەکەم ژمارەیەک لە زانکۆکان دەستیان بەم پرۆسەیە کرد، دواتر بە قۆناغی جیاجیا زۆرینەی زانکۆکانی کوردستان چونە ناو پرۆسەکەو ئێستا لە قۆناغی پێشکەوتوی جێبەجێکردنیدان، واش بڕیارە لەڕۆژانى ٢٨و٢٩/٨/٢٠٢٢ لە شارى هەولێر کۆنفرانسى زانستى بۆلۆنیا پرۆسێس لە هەرێمى کوردستان ئەنجامبدرێت.