خوێندكارێكی بەشی ئینگلیزی كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لەزانكۆی راپەڕین بەناوی (ئالان محەمەد) كە قۆناغی چوارەمە دوو كتێبی بڵاوكردنەوە، یەكێك لەكتێبەكان رۆمانێكی نوسەر نیكۆلۆ ئامانێتی-یەو بەناونیشانی (ناترسم) وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی و كتێبێكیشی بەناونیشی ( سێبەرە نادیارەكان) كە كۆمەڵێك كورتە چیرۆكن نوسیوە.
ڕۆمانی ناوازەی "ناترسم" لەنوسینی گەورە نوسەری ئیتاڵی (نیکۆلۆ ئامانێتی) کە بەیەکێک لەشاکارەکانی دادەنرێت چیرۆکێکە کە باشترین وەسف بۆی ئەوەیە دەتگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی منداڵیت. ئەو سەردەمەیە کە تێیدا جگە لەیاریکردن لەشەقامەکان و خەیاڵکردنی بێ سنورت، هیچ شتێکی تر مێشکی داگیر نەدەکردیت، ژیان سادە بوو. بەڵام ئەم قسەیە بەتەواوی بۆ پاڵەوانی چیرۆکەکە دروست نییەو لەچاو هاوتەمەنەکانی ژیانی ئاڵۆزترە. لەگەڵ ئەو ژیانە سادەیە ڕووداو گەلێکی شاراوەو نهێنی دێنە بونەوە کە خۆیان دەسەپێنن بەسەر ژیانی کوڕێکی بچوکداو ناچاری هەڵبژاردەی قورسی دەکەن، و خەیاڵکردنی تاریکی لێ دەکەن بەسێبەرێکی بەرجەستە کە قورساییەکی خنکێنەری دەبێت.
كلیك لەم لینكە بكەن بۆ خوێندنەوەی رۆمانی ناترسم:
سەبارەت بەنوسینی كتێبی سێبەرە نادیارەكان ئالان محمد دەڵێت: زۆرجار دەگوترێت ئەوەی هاوسەنگی جیهانی ڕاگرتوە ئەو ڕووناکی و تاریکییەیە کە باڵی بەسەر هەموو شتێکدا کێشاوە، دوو بون کە خودی ژیانمان پێ دەبەخشن و ژیانیشمان لێ دەسەنن. بێ ئەو هاوسەنگییەی نێوانیان، ئەوا جیهان بەرەو خاپوربون دەچێت، و مرۆڤایەتی و تەواوی ژینگەی دەوروبەریان دەکەونە بەر کاریگەری ئەو دەرەنجامە. بۆیە با بۆ چەند ساتێک وێنایی جیهانێک بکەین کە تێیدا هاوسەنگی نەبێت و هەر یەکێک لەڕووناکی و تاریکی بەسەر ئەوی تردا زاڵ بن. ئەم کتێبەی لە بەردەستتان دەبێت پێکهاتووە لهکۆمەڵێک کورتەچیرۆک کە دەبنە نموونەیەک بۆ زاڵبونی هەر یەکە لەو ڕووناکی و تاریکییە، نمونەیەک بۆ ناهاوسەنگی.
كلیك لەم لینكە بكەن بۆ خوێندنەوەی كتێبی سێبەرە نادیارەكان:
دەربارەی نووسەر:
ئالان محەمەد خوێندكارێكی گەنجی قۆناغی چوارەمی بەشی ئینگلیزییە لەزانکۆی ڕاپەڕین. گەنجێکە کە لەبچوکییەوە دەستی داوەتە خوێندنەوە، هەر لهبچووکییەوە کەوتۆتە ژێر کاریگەری باوکی. دوایئەوەی ساڵەها تێدەپەڕێت و دەگاتە قۆناغی گەنجی، ئەوا بڕیاردەدات دەست بەوەرگێڕان بکات، یەکەم کارێکیشی وەرگێڕانی چیرۆکیکی بەناوبانگی (ڕۆبرت لویس ستیڤنسن) بوو بەناوی "دۆسیە نامۆیەکەی دکتۆر جێکڵ و بەڕێز هاید"، دوای ئەوەش دەستیکردوە بەوەرگێڕانی چەند ڕۆمان و چیرۆکێکی (شێرلۆک هۆڵمز) کە لەنوسینی (ئارسەر کۆنان دۆیڵ)ن. لەوەرگێڕان بەردەوام دەبێت تاکو هەستدەکات ئامادەی نوسینی تایبەت بەخۆیەتی، ئەمەش حەزێکە کە هەر لەبچووکییەوە هەیەتی. دوای وەرگێڕان، دەستدەکات بەنوسینی دوو کتێب، بەڵام تێیاندا سەرکەوتوو نابێت بەوەی کە هەستی دەکرد پەلەی کردوە، بۆیە ماوەیەک دەکشێتەوەو ڕێڕەوی خۆی دەگۆڕێت، دەستدەکات بەنوسینی کورتەچیرۆک. لەمەیاندا سەرکەوتوو بو، بۆیە بەپێی تێپەڕینی کات لەسەر ئەو کارەی بەردەوام بو. هەستیکرد کورتە چیرۆکەکانی کەڵەکەبون، بۆیە هەستا بەکۆکردنەوەیان و دانانیان لەکتێبێک بە ناوی "سێبەرە نادیارەکان"، ئەمەیان یەکەم کتێبی ئەوە. وەکو خۆیشی دەڵێت ئەوە یەکەم و کۆتا بەرهەمی نابێت.