University of Raparin Logo

لە مەڵبەندی ڕاوێژکاری زانکۆی ڕاپەڕین فۆڕمی زانکۆلاین پڕدەکرێتەوە

چاپکردن ئیمەیڵ

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ئەیلولی٢٠٢٢، بەچاودێری پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.پەیمان رمضان احمد سەرۆکی زانکۆی زانکۆی ڕاپەڕین و بەسەرپەرشتی فەرمانگەی یاریدەرێتی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و د.هەژار قادر بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانکۆی راپەڕین، مەڵبەندی ڕاوێژکاری زانکۆی ڕاپەڕین بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی خوێندکارانی دەرچووی پۆلی ١٢ لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم دەستبەکاربوو .
مەڵبەندی ڕاوێژکاری زانکۆی ڕاپەڕین لە ڕێگەی لیژنەیەکی شارەزاو تایبەت فۆڕمی زانکۆلاین بۆ خوێندکارانی دەرچووی پۆلی١٢ی ئامادەیی بە هەرسێ سیستەمی وەرگرتنی (زانکۆلاین، پاڕاڵێڵ، ئێواران) پڕدەکاتەوە بە مەبەستی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم .

لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەڕێز وەزیزری خوێندنی باڵا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن وتی: پێویستە خوێندکارانی دەرچوو ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە، پاشان دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر چۆنیه‌تی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن به‌سیستمه‌ جیاوازه‌كان، هەروەک وتیشی پێویستە دەرچوان بە وریایی مامەڵە لەگەڵ پڕۆسەی وەرگرتن بکەن و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچوان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەهەر هەڵەیەک کە لەلایەن بەشێک لە دەرچووان لە پڕۆسەی زانکۆلاین ڕوودەدات.
خوێندکارانی دەرچوو دەتوانن لەڕۆژانی دەوامی فەرمی سەردانی مەڵبەندی ڕاوێژکاری زانکۆی ڕاپەڕین بکەن لەکاتژمێر ٩ی بەیانی تاوەکو ١:٣٠ی پاشنیوەڕۆ.