University of Raparin Logo

وەزارەتى خوێندنى باڵا کەمکردنەوەی کرێى خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگا حکومى و تایبەتەکان ڕادەگەیەنێت

چاپکردن ئیمەیڵ

بە لەبەرچاوگرتنى بارودۆخى دارایى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێژەى (٤٥%) لەگشت قۆناغەکانى خوێندنى بەرایى و خوێندنى باڵا (پارالێل - ئێواران)، هەروەها کرێى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەپێى ئەنجامەکانى ڕێزبەندى نیشتیمانى، بەڕێژەى (١٠ بۆ ٢٠ %) بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن کەمکردەوە.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: هەرێمەکەمان بە بارودۆخێکى تایبەت گوزەر دەکات بە شێوەیەک پێویستە هەموان ڕەچاوى بارو گوزەرانى دارایى خەڵکى خۆمان بکەین و لە هەمان کاتیشدا بتوانین هەلى خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکارانى هەرێمەکەمان دەستەبەر بکەین، لەو چوارچێوەیەشدا وتى: بۆ ئەوەى گیانى کێبڕکێى زانستى لە دامەزراوە ئەکادیمیەکان بپارێزین و بە لەبەرچاوگرتنى باوردۆخى هاوڵاتیان وەزارەتى خوێندنى باڵا بڕیاریدا بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان.

ڕاشیگەیاند: ئامانجى وەزارەتەکەمان لە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە لەبەر چاوگرتنى بارى دارایى هاوڵاتیانى کوردستان و ڕەخساندنى هەلى زیاترى خوێندن و پەرەپێدانى تواناکانى گەنجانی هەرێمەکەمانە، لەهەمان کاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتمانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا وتیشى: فەرمانى وزارى کەمکردنەوەى کرێى خوێندن ئاراستەى گشت زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان کراوەو بۆ ئەمساڵى خوێندن دەچێتە بوارى جێبەجێ کردن، بەم شێوەیەى خوارەوە:

زانکۆ حکومییەکان:
داشکانى ڕێژەى (٤٥%) لە کرێى خوێندنى (پارالێل) و (ئێواران)ى گشت قۆناغەکانى خوێندنى بەرایى و خوێندنى باڵا لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکان و دامودەزگاکانى ترى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٢-٢٠٢٣).

زانکۆ تایبەتەکان:
کەمکردنەوەى کرێى خوێندن بەپێى ئەنجامەکانى ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان دەبێت بەم شێوەى خوارەوە:
- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى B، بەڕێژەى (١٠%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى C، بەڕێژەى (١٥%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى D، بەڕێژەى (٢٠%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
- سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بەڕێژەى (٢٠%) کرێى خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.