University of Raparin Logo

زانكۆی راپەڕین، ئەنجامی كەمپەینی ژیاندۆستی راگەیاند

چاپکردن ئیمەیڵ

زانكۆی راپەڕین، ئەنجامی كەمپەینی ژیاندۆستی راگەیاند

ئەمڕۆ یەكشەممە (9 – 10 - 2022)، سەرۆكی زانكۆی راپەڕین و لیژنەی كەمپەینی ژیاندۆستی سەردانی ماڵی خوێندكار (ئاری ئەحمەد)ی لەچوارقورنە كردو داهاتی كۆكراوەی كەمپەینەكەیان گەیاندە دەستی خێزانەكەیان.
لەماوەی رۆژانی كەمپەینەكەدا بەگشتی هاوكاری و پشتیوانی باشی كەمپەینەكە كرا، و بەپێی دەرئەنجامی لیژنەی كەمپەینەكە نوسینگەی بەڕێز سەرۆك بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تێچوی نەشتەرگەریەکەی لەئەستۆگرتووە، و بەگشتی (27,190,000) بیست و حەوت ملێۆن و سەدو نەوەد هەزاریش كۆكرایەوە، كە بەشێكی زۆری خێرخوازان لەچین و توێژە جیاوازەكان بەشداریان تیایدا كردوەو لەرێگەی سندوقەكانی ناو زانكۆ و گەیاندنی هاوكاری كەمپەینەكە بەخێزانی كاك (ئاری) كۆكراوەتەوە.
سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین، لەرۆژی سێشەممە (20ی ئەیلولی 2022)، لەژێر چاودێری سەرۆكی زانكۆی راپەڕین بەڕێز (پ.ی.د. پەیمان رەمەزان احمد) كەمپەینی ژیاندۆستی بۆ هاوكاریكردنی خوێندكار (ئاری ئەحمەد) خوێندكاری قۆناغی چوارەمی بەشی كۆمپیوتەر لەكۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی زانكۆی راپەڕین، راگەیاند كە ناوبراو بەهۆی سستبونی گورچیلەكانی ژیانی لەمەترسیدایەو پێویستی بەنەشتەرگەری چاندنی گورچیلە هەیە.
سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین، لێرەوە سوپاسی نوسینگەی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات بۆ لەئەستۆگرتنی نەشتەرگەری خوێندكاری ناوبراو، هەروەها سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی گروپی كۆمەكی زانكۆی راپەڕین و سەرجەم خێرخوازان و مرۆڤدۆستان دەكەین كە لەكەمپەینەكەدا بەشداریان كردوەو رۆڵیان هەبووە بۆ رزگاركردنی ژیانی خوێندكارێكی گەنج، هەروەكچۆن سوپاسی كەناڵەكانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسانی سنوری راپەڕین دەكەین، كە رۆڵ و كاریگەرییان هەبو، لەبڵاوكردنەوەی كەمپەینەكەدا، و هیواخوازین نمونەیان زۆربێت و كەمپەینەكە هاوكاری جدی بێت لەچارەسەركردنی خوێندكاری ئازیزمان (ئاری ئەحمەد).

سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین