رۆژی چوار شەممە (12 – 10 – 2022) بەڕێز (پ.ی.د. پەیمان رمضان احمد) سەرۆكی زانكۆی راپەڕین بەیاوەری سەرۆكی بەشی مێژوو بەڕێز (پ.ی.د. هەرێم حسن) لەپێناو فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانی زانکۆی ڕاپەڕین لەگەڵ زانکۆی میونخی ئەڵمانی و بەهەماهەنگی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ڕاپەڕین كە کاری لێکۆڵینەوەو کنەو پشکنین بۆ قەڵای دینکە لەدەڤەری پشدەر ئەنجامدەدەن تیمەكەیان بەشێوەیەكی مەیدانی بەسەركردەوە.
بەمەبەستی سەردانە مەیدانیەكە لەنزیکەوە ئاگاداربون بوو لەشێوازی بەڕێوەچوونی کارەکانی كنەو پشكنینی ناوچەی شوێنەواری قەڵای دینکە لەدەڤەری پشدەر. هەروەک پشتگیری و پشتیوانی تەواوی سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین بۆ تیمی زانکۆی میونخی ئەڵمانی بۆ لێکۆڵینەوەو ئەنجامدانی کاری کنەو پشکنین لەقەڵاکە دووپاتکرایەوە.
قەڵای دینکە دەکەوێتە گوندی نورەدین لەدەڤەری پشدەر، مێژووی قەڵاکە دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی یەکەمی پێش زاین کە مرۆڤ تیایدا ژیاوەو شارستانیەتی بونیادناوە، لەئێستادا تێمێکی زانکۆی میونخی ئەڵمانی بەهەماهەنگی بەشی مێژوو لەزانکۆی ڕاپەڕین و هەردوو بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی و ڕاپەڕین کاری لێکۆڵینەوەی زانستی و پشکنینی شوێنەواری تیادا ئەنجامدەدەن.