وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرجەم مامۆستایان سەر بە وەزارەتەکەمان ئاگادار دەکات، کە زانکۆی (Imperial College London- UK) (٥٠) کورسی خوێندنى بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى دکتۆرا بۆ ساڵى ئەکادیمی (٢٠٢٣- ٢٠٢٤) بە ناونیشانی (Presidential Funded PhD Scholarships) ڕاگەیاند، هەر مامۆستایەک ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدایە و ئارەزوی خوێندن لەو زانکۆیە دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە، دەتوانێت لە رێگەی ئەم بەستەرەى خوارەوە داواکارى پێشکەش بکەن:
1. پێشکەشکار دەبێت هەڵگری بڕوانامەی ماستەر بێت.
2. پێشکەشکار دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە، جگە لەو بەڕێزانەی کە بڕوانامەی ماستەرەکەیان لە چوارچێوەی بەرنامەی تواناسازی بەدەستهێناوە، بۆیە دەبێت پابەندی ئەو گرێبەستە ببن، کە کاتی خۆی واژۆیان کردوە.
3. ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک دیکە جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکاریەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
4. داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت.)
5. کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وەزارەتەکەمان تەنها مۆلەتی خوێندنی پێدەدرێت واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
6. کاندیدی سەرکەوتو لە لایەن زانکۆی ناوبراو پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی وێبسایتى سکۆلەرشیپەکە بکەن.
تێبینیەکان:
- پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی وێبسایتى سەرەکی سکۆلەرشیپەکە دەبێت.
- کاندیدی سەرکەوتو دوای بە دەستهێنانی سکۆلەرشیپەکە، دەبێت سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی/ بەڕێوەبەرایەتی نێردراوان بکات بۆ پرۆسێسکردنی مامەڵەی مۆڵەتی خوێندن.
- هەرکەسێک ئەم مەرج و ڕێنماییانەی سەرەوەی تیایدا بەرجەستە نەبێت، دوا جار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت.
- تکایە بۆ هەر پرسێارێک یا زانیاری زیاتر سەرەتا سەردانی وێبسایتى سکۆلەرشیپەکە بکەن.