ئەمڕۆ دوو شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بەڕێوەبەرایەتی سێنتەری زمان بە هاوکاری ڕێکخراوی ئەمدیست سیمنارێکی هاوبەشیان دەربارەی پڕۆگرامی (Fulbright Visiting Scholar 2023) ڕێکخست.
سیمینارەکە لەلایەن مامۆستا هندرێن سلمان باڵەکی سەرپەشتیاری پڕۆگرامی فوڵبڕایت لە ڕێکخراوی ئەمدیست پێشکەشکرا، تیایدا بەوردی ناوەڕۆکی پڕۆگرامەکە و شێوازی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ بەشداربوون لە پڕۆگرامەکە بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە .
پڕۆگرامی Fulbright Visiting Scholar بۆ ماوەی ١٠ هەفتەیە و لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت. پڕۆگرامەکە بۆ پەرەپێدانی توانا و لێهاتووی مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆیە و ساڵانە ١٥ کەس هەڵدەبژێردرێن و ڕەوانەی ئەمەریکا دەکرێن.
هەر کەسێک دانیشتوو و خەڵکی عێراق بێت و ستافی یەکێک لە زانکۆکانی عێراق بێت و بەلایەنی کەم هەڵگری بڕوانامەی ماستەر بێت دەتوانیت پێشکەشی ئەم پڕۆگرامە بکات و پێویستە توانایەکی باشی لە نوسین و قسەکردن بە زمانی ئینگلیزی هەبێت، هەروەها بەلایەنی کەمەوە لە iBT TOEFL نمرەی ٦١ هەبێت و لە ITP TOEFL نمرەی ٥٠٠ هەبێت یان لە IELTS نمرەی ٦ هەبێت.
پڕۆگرامەکە بۆ ئەو کەسانەیە کە تایبەتمەندن لە بوارەکانی Engineering و Science and Technology و Teaching English as a Foreign Language and Literature.
ئەو کەسانەی بۆ پڕۆگرامەکە هەڵدەبژێردرێن لە نێوان مانگی ٦ی ٢٠٢٣ تاوەکو مانگی ٩ی ٢٠٢٣ ڕەوانەی ئەمەریکا دەکرێن و بەشداری چەندین چالاکی و ڕاهێنانی جۆراوجۆر لە بوارەکانی خۆیان دەکەن، هەروەک ئاشنادەکرێن بە شێوازی نوێی وانەگوتنەوە و کەلتوری ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش .
جێی ئاماژەیە، لە ئێستادا پێشکەشکردن بۆ پڕۆگرامەکە کراوەیە و تاوەکو ١ی ١٢ی ٢٠٢٢ مامۆستایان دەتوانن پێشکەش بە پڕۆگرامەکە بکەن.