بەمەبەستى پەرەپێدانى پەیوەندى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى هەردولا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کونسوڵى گشتى یۆنان لە هەرێمى کوردستان کۆبونەوە، وابڕیارە ئەو وڵاتە ژمارەیەک زەمالەى خوێندنى باڵا (ماستەر/دکتۆرا) پێشکەش بە زانکۆکانى کوردستان بکات.
نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2022/11/8) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە (د. ستاڤرۆس کێریمیس) کونسوڵى گشتى یۆنان لە هەرێمى کوردستان. لە دیدارێکدا کە بریکارى وەزارەت و سەرۆکى زانکۆى ڕاپەڕین و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، دواى بەخێرهاتن، وەزیرى خوێندنى باڵا جەختى کردەوە لەسەر هەماهەنگى و پەیوەندى بەردەوام لەبوارى خوێندن و فێربون لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى وڵاتى یۆنان بەتایبەت بۆ ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى و پەرەپێدانى تواناکان، د. ئارام محمد قادر هیواخوازیش بو هاوشێوەى زۆرێک لە وڵاتى دیکە بتوانن سود لە سیستم و پرۆسەى خوێندنى باڵاى ئەو وڵاتە لە بوارى پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى و کوالێتى خوێندن بۆ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى کوردستان ببینرێت، بۆ ئەمەش سوپاسى ئەو وڵاتەى کرد بۆ پێشکەشکردنى ژمارەیەک زەمالەى خوێندن بە زانکۆکانى کوردستان. لەلایەن خۆیەوە کونسوڵى گشتى یۆنان لە هەرێمى کوردستان، دوپاتیکردەوە مەبەستمانە بناغەى پەیوەندییەکى بەهێزى زانستى و ئەکادیمى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم دابڕێژین، لەبوارى خوێندن و فێربون هاوکارو هەماهەنگى دامەزراوەکانتان بین، بۆ ئەوەش پلانى وڵاتەکەى لەو چوارچێوەیەدا خستەڕو.
هەر لە دیدارەکەدا پێدانى ژمارەیەک سکۆلەرشیپى خوێندن بۆ فێرخوازانى هەرێمى کوردستان لەلایەن وڵاتى یۆنان گفتوگۆى لەبارەوە کرا بەتایبەت ئەو پسپۆڕى و بوارانەى پێویستى هەرێمى کوردستانە، کە ئەمەش دواى سەردانى وەزیرى خوێندنى باڵاى هەرێم و وەفدى وەزارەت دێت بۆ ئەو وڵاتەو ئیمزاکردنى لێکگەیشتنى هاوبەش بۆ پەرەپێدان و ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى لەنێوان هەردولا. لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا دواى داڕشتنەوەى مەرج و ڕێنماییەکان، وردەکارى زەمالەکە ڕابگەیەنرێت بۆ ئەوەى فێرخوازان بەبێ جیاوازى مافى پێشکەش کردنیان هەبێت.