ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، بەئامادەبونی سەرۆكی زانكۆی راپەڕین بەڕێز (پ.ی.د.پەیمان رمضان احمد) و بەڕێز (هیوا قەرەنی) سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین بەڕێز (د. دیار ابراهیم) و ژمارەیەک بەرپرسی حزبی و حکومی و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆ، کۆلیژی پەرستاری زانکۆی ڕاپەرین بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین و نەخۆشخانەی کوردستانی تایبەت لەشاری ڕانیە، سیمپۆزیۆمێكی زانستی دەربارەی (هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک) رێكخست.
سیمپۆزیۆمەكە بەساتێک وەستانی وەفاداری بۆ ئارامی ڕۆحی شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان دەستیپێکرد، دواتر وتاری راگرایەتی كۆلێژی پەرستاری لەلایەن بەڕێز (پ.ی.د.ڕێبوار ئەرسەلان) راگری كۆلێژی پەرستاری پێشكەشكرا.
دواتر وتاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین لەلایەن بەڕێز (د. دیار ابراهیم) پێشكەشكراو تیایدا باسی لەگرنگی ئەم جۆرە چالاكیانە كرد، بۆ زیاتر بڵاوكردنەوەی هۆشیاری دەربارەی شێرپەنچەی مەمك.
پاشان لەسیمپۆزیۆمەکەدا، لەپانێلێكدا كە لەلایەن مامۆستا (دەریا شۆڕش) بەڕێوەبرا چەند سیمینارێك پێشكەشكران، سیمیناری یەكەم لەلایەن (د. نیاز مستەفا) بەناونیشانی (Overview of Breast Cancer) پێشكەشكرا، دواتر سیمینارێكی دیكە لەلایەن (د. بەهزاد وسو حمد) بەناونیشانی (Diagnosis, Management and Prevention of Breast Cancer) پێشكەشكرا، و سیمیناری كۆتاییش لەلایەن مامۆستا (محمود عارف) دەربارەی (Rural Women Awareness Regarding Breast Cancer) پێشكەشكرا.
لەسیمپۆزیۆمەكەدا لەچەند تەوەرێکی زانستیدا لەلایەن توێژەران و پزیشکانەوە، هۆشیاری دەربارەی شێرپەنجەی مەمک و هۆکارەکانی تووشبون و گرنگترین نیشانەکانی توشبون بەنەخۆشییەکە بەئامادەبوان درا، هەروەک باس لەچۆنیەتی ئەنجامدانی پشکنینی خۆیی لەلایەن خانمان و گرنگی ئهنجامدانی پشکنینی مەمک لهلای پزیشکی پسپۆڕ کرا، هەر لەسیمپۆزیۆمەکەدا باس له نوێترین تەکنیکەکانی نەشتەرگەری مەمک و شێوازی چارەسەری تیشک و بەکارهێنانی دەرمانی کیمیایی کرا.
جێی ئاماژەیە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرای کردووە بەهۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و بەتایبەت خانمان، حاڵەتەکانی شێرپەنجەی مەمک زووتر دەستنیشاندەکرێن و بەمەش شێرپەنجە لە قۆناغێکی زووتر دەست بە چارەسەرەکەی دەکرێ، ئەمەش سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری نەخۆشیەکە زیاتر دەکات.