University of Raparin Logo

وەزیرى خوێندنى باڵا کارى ئەکادیمیاکانى هواوى لە زانکۆکانى کوردستان بۆ تەکنەلۆجیاى زانیارى و گەیاندن بەرز دەنرخێنێت

چاپکردن ئیمەیڵ

بەمەبەستی خستنەڕوى کارەکانیان لەبواری تەکنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندیکردن (ICT) لە ئەکادیمیاى هواوى لە زانکۆکانی کوردستان، وەفدێکى کۆمپانیای هواوی چینى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکات.

ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (2022/12/12) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پێشوازیکرد لە وەفدێکی کۆمپانیای هواوی بەسەرۆکایەتی وانگ شانلى، جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى هواوى لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و د. رافد عباس، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای هواوی لەعێراق و جەمال نوری، بەڕێوەبەری گشتى پەیوەنییەکان لە کۆمپانیای هواوی لە هەرێمى کوردستان.

لە کۆبونەوەیەکدا کە سەرۆکى زانکۆى ڕاپەڕین و بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبون، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستخۆشی لە ستاف و کارمەندانی هواوی کرد لەپای کار و چالاکییەکانیان، بەتایبەت ئەو بەرنامە و پرۆژانەی لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامی دەدەن، وتیشی: هەنگاوەکانتان جێگای دڵخۆشی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیە.

بۆ ئەمەش داواى لێکردن بەمەبەستى پەرەپێدان و فراوانکردنى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى لە هەرێمى کوردستان هاوکارى وەزارەت بکەن، بەتایبەت کردنەوەی خولی ڕاهێنان لە زانکۆکان بۆ ئەوەى قوتابیان و خوێندکاران زیاتر سود لە ئەزمونی هواوى ببینن و دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی زانکۆ هەلی کارکردن و دەرفەتی کاریان بەئاسانی دەست بکەوێت، هەروەک هانیشى دان دەست بکرێتەوە بەو بەرنامانەی لە ڕابردوو لەگەڵ وەزارەت هەبونە بۆ ناردنى کەسانی شارەزا و پسپۆر بۆ دەرەوەی وڵات و ئاشناکردنیان بە تازەترین و نوێترین بابەتی هەنوکەیی و وەرگرتنى ئەزمونى زیاتر لەبارەى پێشکەوتنەکانى بوارى تەکنەلۆجیا و پەیوەندى کردن.

لە بەرامبەردا جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى هواوى لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، دواى ستایشکردنى کارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: ئێمە وەک کۆمپانیای هواوی ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان پرۆژە و بەرنامەی کێبڕکێمان هەیە و تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران و قوتابیان لەتەواوی جیهان بەشدار دەبن و خۆشبەختانە خوێندکاران و قوتابیانى زانکۆکانى کوردستان بەشدارن لەم پرۆژانەى ئێمەو سەرکەوتوبونە، زیاتر وتیشى بۆ ئەمساڵ کارەکانمان زیاتر چڕدەکەینەوە بۆ گەشەپێدانى ئەکادیمیاکانى هواوى لە زانکۆکانى کوردستان و بایەخدانى زیاتر بە کارو ئەرکى سەنتەرەکان.