University of Raparin Logo

زانکۆی ڕاپەڕین، سیمپۆزیومی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ڕێگاوبان و هاتووچۆ لە ئیدارەی ڕاپەڕین بەڕێوەچوو

چاپکردن ئیمەیڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی بەڕێز(پ.ی.د. پێشەوا حمید) یاریدەدەر سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و بەڕێز(پ.ی.د. ئاراس عبدالرحمن مصطفی) ڕاگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان و ژمایەک لە ئەندازیارانی ڕێگاوبان و ئەفسەرانی بواری هاتووچۆ و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ، بەشی جوگرافیا لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان، سیمپۆزیومێکی بە ناونیشانی (هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ڕێگاوبان و هاتووچۆ لە ئیدارەی ڕاپەڕین) ڕێکخست.

سەرەتا وتاری دەستپێکی سیمپۆزیوم لەلایەن بەڕێز پ.ی.د. بێستون احمد حسێن سەرۆکی بەشی جوگرافیا پێشکەش کرا.
دواتر چالاکییەکانی سیمپۆزیومەکە دەستیپێکرد، کە تیایدا چەندین تەوەر و پێشنیاری زانستیانە لەلایەن توێژەران و کەسانی شارەزای بواری ڕێگاوبان و هاتووچۆ خرانەڕوو.
پانێڵی یەکەمی سیمپۆزیومەکە لەلایەن د.محمد قادر ڕسول سەرپەرشتی کرا، یەکەم سیمیناری پانێڵەکە دەربارەی (هەڵسەنگاندنێکی جیمۆرفۆلۆجی بۆ تۆڕەکانی هاتووچۆ لە ئیدارەی ڕاپەڕین) لەلایەن م. یادگار مصطفی ئیبراهیم پێشکەشکرا، پاشان سیمیناری دووەم لەلایەن ئەفسەری هاتووچۆ موقەدەم. مەریوان محمدامین سعید دەربارەی (گرفت و چارەسەرەکانی هاتووچۆ لە ئیدارەی ڕاپەڕین) پێشکەشکرا، دواتر لە سیمیناری سێیەمدا پ.ی.د. ئاراز ڕمضان احمد باسی لە ( ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە چارەسەری کێشەکانی ڕێگاوباندا) کرد، هەروەها سیمیناری کۆتایی پانێڵەکە لەلایەن م.ی. ڕۆشنا محمد احمد بە ناونیشانی ( ڕەهەندە جوگرافییەکانی ڕێگاکانی گواستنەوە و کاریگەری لەسەر ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە ئیدارەی ڕاپەڕین) پێشکەشکرا.
هەروەک پانێڵی دووەمی سیمپۆزیومەکە لەلایەن د. هێمن عبداللە بەڕێوەبرا، لە سیمیناری یەکەمدا ئەندازیار محمد ناصر عبدول باسی لە ( جۆرەکانی ڕێگاوبان لە ئیدارەی ڕاپەڕین و کێشەکان و چارەسەرییان) کرد، پاشان سیمیناری دووەم بە ناونیشانی (بەرپرسیارێتی تاوانکاری لەیاسای هاتوچۆی بەرکار لە هەرێمی کوردستابن) لەلایەن (م.ی. هێمن حمدامین ابراهیم) پێشکەشکرا، کۆتا تەوەری سیمپۆزیومەکە لەلایەن م.حسن علی حسن بە ناونیشانی (لەمپەرەکانی سەر ڕێگاکان و سوود و زیانەکانی) پێشکەشکرا.
پاشان ڕاسپاردەکانی سیمپۆزیومەکە بۆ ئامادەبووان خرانەڕوو، بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوو گشت ڕاسپاردەکان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئیدارەی ڕاپەڕین و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێن.
لە کۆتاییشدا بڕوانامەی بەشداریکردن بە توێژەران و بەشداربووانی سیمپۆزیومەکەدا بەخشرا.