ئەمڕۆ سێ شەممە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی بەڕێز (پ.ی.د. پەیمان رمضان احمد) سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و خاوەن دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت و خوێندکارانی زانکۆ، سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار لە زانکۆی ڕاپەڕین مەراسیمی کۆتایی خولی ڕاهێنانی تواناکان (Internship Program 2022) و پێدانی بڕوانامەی ئایرێکس-ی بۆ خوێندکارانی بەشداربووی خولەکە ڕێکخست.
لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، بەڕێز د. پەیمان رمضان سەرۆکی زانکۆ گوتەیەکی پێشکەشکرد: وێڕای پیرۆزبایی لە خوێندکارانی سەرکەتووی پرۆگرامەکە، بە گرنگییەوە باسی لە خولەکانی ڕاهێنانی خوێندکارانی زانکۆ کرد، بە تەواوکەری وانە تیۆرییەکان و فاکتەری سەرەکی فێربوون و پێگەیاندنی خوێندکارانی دانا، لە کۆتاییدا سوپاسی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەنتەری گەشەپێدانی کار و وەبەرهێنەران و خاوەنی دامەزراوەکانی کەرتی تایبەتی کرد بۆ ڕەخسانی دەرفەتی گەشەپێدانی توانای خوێندکارانی زانکۆ.
پاشان مامۆستا (ڕێبین حمە ٳسماعیل) بەرێوەبەری سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار لە زانکۆی ڕاپەڕین گوتەیەکی پێشکەشکرد: تیایدا باسی لە ئامانجی خولی ڕاهێنانی تواناکان کرد، هەروەک سوپاسی وەبەرهێنەران و خاوەنی دامەزراوەکانی کەرتی تایبەتی کرد کە بەردەوام هەمەهەنگیان بوون لە بەردەوامی خولەکە و پێگەیاندنی خوێندکارانی زانکۆ.
دواتر لە مەراسیمەکەدا، لەلایەن سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، بڕوانامەی IREX بە خوێندکارانی سەرکەوتووی خولی ڕاهێنانی تواناکان بەخشرا .