ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (16 – 1 - 2023) د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌هه‌ریه‌ك له پ.ی.د. په‌یمان ڕه‌مه‌زان، سه‌رۆكی زانكۆی ڕاپه‌ڕین و پ.د. مه‌هاباد كامیل عه‌بدوڵڵا، سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌و نوێنه‌رانی ڕێكخراوی ئاسووده كرد.
له‌دیدارێكدا گفتوگۆی ورد له‌باره‌ی ڕه‌وشی زانكۆكان و كارى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى به‌گشتی كرا، هاوكات چه‌ند بابه‌تێكی هه‌مه‌لایه‌ن و په‌یوه‌ندیدار به‌و پرسانه خرانه به‌ر باس، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ستایشكردنی ئازایه‌تی و كارایی ژنانی ئه‌كادیمیست، مامۆستایانی زانكۆ و چالاكوانانی ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان و هه‌ڵوێستی بوێرانه‌یانه‌یاندا، ڕایگه‌یاند: "ژنان له‌دامه‌زراوه فه‌رمییه جۆراوجۆره‌كان و له‌سه‌ر ئاستى كۆمه‌ڵگه ڕۆڵى كارایان هه‌یه له‌داكۆكیكردن له‌مافه‌كانی مرۆڤ به‌گشتى، ئازادییه گشتییه‌كان و یه‌كسانیی نێوان ژن و پیاو له‌ئه‌ركى كۆمه‌ڵایه‌تیى خۆیاندا، بۆیه په‌رله‌مانی كوردستان پشتیوانیی ته‌واوی خۆی ده‌رده‌بڕێت بۆیان له‌هه‌ر وێستگه‌یه‌كی كاركردنیان كه پێویستیان بێت، به‌تایبه‌ت له‌ڕووی یاسایی و چوارچێوه‌ی كاری په‌رله‌مانی"، وتیشی: "داواكارین له‌هه‌مووان كه پاراستنى ئاشتیى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌سه‌رووى هه‌موو شتێكه‌وه بێت و ڕێگه‌نه‌ده‌ن خه‌باتى ده‌یان ساڵه‌ى ژنان له‌هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌ندێك چه‌مك و ده‌سته‌واژه تێكه‌ڵ و هاوتا بكرێت كه دوور و نزیك په‌یوه‌ندیى به‌خواستى ژنانى كوردستانییه‌وه نییه".
لای خۆیانه‌وه ئه‌ندامانی وەفدی میوان، به‌خستنه‌ڕووی تێڕوانینه‌كانیان بۆ هه‌لومه‌رجی ئێستای كوردستان و ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ی كه له‌میدیای كوردیدا به‌دیده‌كرێت، ته‌وه‌ری گفتوگۆكانیان فراوانتر كرد‌و هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه پاراستنى ئاشتیى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌پێشه‌نگى كاره‌كانیان ده‌بێت، هه‌روه‌ها سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد بۆ ئه‌و هه‌ڵوێست و پشتیوانییه به‌رده‌وام و ڕاشكاوانه‌یان.