ئەمڕۆ سێ شەممە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، بەئامادەبونی بەڕێز (پ.ی.د. پەیمان رمضان احمد) سەرۆكی زانكۆی راپەڕین و ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ و بەشێک لە مامۆسایان و خوێندکارانی زانکۆ، بەشی باخچەی منداڵان لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لە زانکۆی ڕاپەڕین سیمپۆزیۆمێکی لە ژێر ناونیشانی “خوێندنەوەیەک بۆ دیاردەی خۆکوشتن و لێکەوتەکانی” ڕێکخست.
سەرەتای چالاکییەکە، بە وتاری بەڕێز (پ.ی.د. ساکار محمد حسن) ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت دەستیپێکرد: تیایدا سوپاسی ڕێکخەرانی چالاکییەکە و ئامادەبووانی کرد، پاشان کورتە باسێکی دەربارەی خۆکوشتن وەک دیاردەیەکی جیهانی و هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانی پشت ئەنجامدانی تاوانکاری خۆکوژی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
دواتر وتاری سەرۆکایەتی بەشی باخچەی منداڵان لەلایەن د. ڕوخسار محمد عمر سەرۆکی بەش پێشکەشکرا.
پاشان بەڕێز مقدم/ شۆڕش اسماعیل وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین چەندین ئامار و داتای دەربارەی دیاردەی خۆکوشتن لە دەڤەری ڕاپەڕین خستەڕوو.
لە سیمپۆزیۆمەکەدا، پێنج سیمینار لە چوارچێوەی دوو پانێڵدا پێشکەشکران، پانێڵی یەکەم لەلایەن م.ی. هیمداد علی بەڕێوەبرا، سیمیناری یەکەم مامۆستا عبداللە دەروەکۆتری بەناونیشانی (خۆکوشتن لە دیدگای ئیسلامدا) پێشکەشکرا، پاشان سیمیناری دووەم بەناونیشانی (شێوازەکانی ڕووبەڕووبونەوەی بیرۆکەی خۆکوژی) لەلایەن د. ڕووخسار محمد عمر پێشکەشکرا.
هەروەک پانێڵی دووەم لەلایەن م.ی. ئەروەند محمدامین سەرپەرشتیکرا، لە یەکەم سیمیناردا پ.ی.د. بەختیار کمال تاڵەبانی بابەتێکی بەناونیشانی (لێکەوتەکانی کردەوەی خۆکوشتن لەسەر تاک و کۆمەڵگا) پێشکەشکرد، دواتر م.ی. شاناز محمد صادق سیمیناری دووەمی بەناونیشانی (سۆشیال میدیا و ڕووماڵکردنی کەیسەکانی خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان) پێشکەشکرد، پاشان سیمیناری کۆتایی سیمپۆزیۆمەکە بەناونیشانی (بەرپرسیاریەتی تاوانکاری کەسی هاندەر بۆ خۆکوشتن لە یاسای بەرکار لە هەرێمی کوردستان/عیراق) لەلایەن م.ی. هێمن محمدامین ابراهیم پێشکەشکرا.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، بڕوانامەی بەشداربوون بە توێژەران و ڕێکخەرانی چالاکییەکە بەخشرا.