University of Raparin Logo

بەسەرپەرشتى وەزیرى خوێندنى باڵا، حەوت زانکۆى کوردستان یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن ئیمزا دەکەن

چاپکردن ئیمەیڵ

لە چوارچێوەی بەرنامەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەریەک لە زانکۆکانى (کۆیە، سۆران، گەرميان، زاخۆ، هەڵەبجە، ڕاپەڕين و چەرموو)، یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتنیان وەک نەخشە ڕێگای کارکردنیان ئیمزاکرد، وەزیرى خوێندنى باڵاش ڕایدەگەیەنێت: ئەم یاداشتنامەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ یەکخستنى تواناى زانکۆکان و ڕەخساندنى زەمینەى گەشەکردنى ئاستى زانستى.

ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (2023/2/6) بەسەرپەرشتى و ئامادەبونى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لە ڕێوڕەسمێکدا لە زانکۆى کۆیە، یاداشتنامەى لێکتێگەیشتن لە نێوان حەوت زانکۆى کوردستان ئیمزاکرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکانى (کۆیە، سۆران، گەرميان، زاخۆ، هەڵەبجە، ڕاپەڕين و چەرموو) ئامادەیبون، لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: دەستپێشخەرى ئەم حەوت زانکۆیە دەبێتە چوارچێوەیەکی گرنگ بۆ هەماهەنگی لە بوارەکانی کارو چالاکی زانستی و ئەنجامدانی کۆنفرانس و هەماهەنگی لە کردنەوەی خوێندنی باڵا و سودوەرگرتن لەژێرخان و تونا مرۆییەکانی نێوان زانکۆکان و ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و خوێندکاران و کاری پێکەوەیی بۆ بەدەستهێنانی گرانتی نێودەوڵەتی، هەروەها ئەنجامدانی چالاکی هونەری و کەلتوری و وەرزشى و ڕەخساندنى زەمینەی توێژینەوەی زانستی هاوبەش.

د. ئارام محمد قادر وتیشى: ئەم هەنگاوە لەسەر ئاستی نەتەوەیی گرنگە بۆ پێکەوە بەستنەوەی زیاتری ناوچاکانی کوردستان لە زاخۆوە تا خانەقین، هەروەها ئەم دەستپێشخەرییە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی هەر زانکۆیەک ناسنامەی زانستی خۆی بپارێزێت و لایەنی بەهێزی ناسنامەی زانستی خۆی بەهێزتر بکات، بەڵام دواتر هەموو زانکۆکان دەتوانن لەلایەنە بەهێزەکانی یەکدی سودمەند بن، ئەمەش کاریگەری پۆزەتیڤی دەببێت لەسەر ئاراستەی وەبەرهێنان لەزانکۆکان و ڕەچاوکردنی دوبارەنەکردنەوەی وەبەرهێنان لەیەک بواردا، بەڵکو ئاراستەی وەبەرهێنان لەژێرخان و تاقیگە زانستییەکان فرەجۆرتر دەبن.

یاداشتنامەى لێکگەیشتنى نێوان حەوت زانکۆى کوردستان بۆ ماوەی پێنج ساڵ کاری پێ دەکرێت و دەشکرێت لەدوای ئەو ماوەیە بە ڕێککەوتنی لایەنە بەشداربوەکان درێژ بکرێتەوە. ئامانج لە ئیمزاکردنى ئەم یاداشتە ئەنجامدانی کار و چالاکیی زانستیی هاوبەش، دروستکردنی زەمینەی هاوکاری پێویست بۆ کردنەوەو بەڕێوەبردنی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا)، ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی هاوبەش، سودوەرگرتن لە تاقیگەکانی یەکترو ئاڵوگۆڕی خوێندکار/ قوتابی و ستافی ئەکادیمی لە چوارچێوەی ئەو بەرنامانەی کە لە داهاتوودا لەسەری ڕێک دەکەون، هەروەها پرۆگرامی هاوبەشی بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.