University of Raparin Logo

لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا: ئەنجامی كەمپینی راپەڕین راگەیەنرا

چاپکردن ئیمەیڵ

كاتژمێر (7)ی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە (11ی شوباتی 2023) لەسەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەئامادەبونی دامەزراوەكانی راگەیاندن، كۆی كۆمەكی كۆكراوەی کەمپینی ڕاپەڕین بۆ هاوکاری قوربانیانی ڕۆژئاواو باکوری کوردستان راگەیەندرا كە لەلایەن زانکۆی راپەڕین و دامەزراوەی میدیایی كوردسات لەماوەی رۆژانی (7 بۆ 11ی شوباتی 2023) رێكخرابو.

لەسەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا سەرەتا سەرۆكی زانكۆی راپەڕین بەڕێز (پ.ی.د. پەیمان رمضان احمد) باسی لەگرنگی و ئامانجی كەمپینەكە كرد كە بۆ هاوكاریكردنی كوردانی زیانلێكەوتوی بومەلەرزەكەی رۆژئاواو باكوری كوردستان رێكخرابو، هەروەكچۆن بەناوی ئەنجومەنی زانكۆ و مامۆستایان و خوێندكارانی زانكۆی راپەڕینەوە، سوپاسی لیژنەی كەمپینەكەو كۆی ئەو دامەزراوە حكومی و حزبی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و گروپ و كەناڵەكانی راگەیاندن و هاووڵاتیانی دەڤەری راپەڕینی كرد لەسەرجەم شارو ناحیەو گوندەكانی سنورەكە كە بەپەرۆشەوەو بەبەرفراوانیەوە بەشداری كەمپینەكەیان كردو سەلماندیان كە دەڤەری راپەڕین هەمیشە پێشەنگ بوەو خەڵكەكەی بەخشندەن بون لەهاوكاریكردنی مرۆیی خوشك و براكانمان.
دواتر بەڕێز (پ.ی.د. پێشەوا حەمید) یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران، بەناوی لیژنەی كەمپینەكەوە سوپاس بەشداربوانی كەمپینەكەی كردو رایگەیاند كە ئامانجی كەمپینەكە هاوسۆزی و كۆمەك و هاوكاریكردنی خوشك و براكانمان بوە كە زیانلێكەوتو و لێقەوماوی بومەلەرزەكەی باكورو رۆژئاوای كوردستانن. وتیشی: سوپاسی ئەو كەمپینانەش دەكەین كە لەسەنگەسەرو قەمتەران و دەوروبەری و چوارقوڕنە رێكخرابون و بەشداربون لەكەمپەینی راپەڕین لەزانكۆی راپەڕین.
هەر لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا بەڕێز (پ.ی.د. رێبوار ئەرسەلان محمد) راگری كۆلێژی پەرستاری ئامارەكانی كۆكردنەوەی هاوكارییەكانی كەمپینەكەی بۆ رۆژنامەنووسان راگەیاندن و وتی: لەكەمپینەكەدا بڕی (25) ملیۆن و (371) هەزارو (750) دینار، لەگەڵ بڕی (1800) هەزارو هەشت سەد دۆلار بوە، هەروەها (2097) بەتانی و (482) دۆشەك و پێداویستی دیكەی خەوتن، و (18772) جلوبەرگی كەسی پێگەیشتو، و (2185) جلوبەرگی منداڵان، و پێداویستی ژنان و منداڵان (885) پارچە، هەروەها (9) تۆن و (626) كیلۆگرام خۆراك بەهەمو جۆرەكانەوە، و (59) ئامێری گەرمكەرەوەو (2540) جوت پێڵاو و (3) خێوەت و (110) فەڕش و (50) كەلوپەلی پزیشكی و پارچەی تەندروستی سەرەتایی.
لێرەوە بەناوی سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین، جارێكی دیكە سوپاس و پێزانینی زانكۆی راپەڕین ئاڕاستەی هاووڵاتیانی بەخشندەو بەخشەرو میهرەبان و نیشتمانپەروەرو كوردپەروەری سنوری راپەڕین، و دامەزراوەی میدیای كوردسات و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و قایمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی ڕاپەڕین و كۆی فەرمانگەكانی سنورەكەو دامەزراوە حزبی و كەسێتییە سیاسییەكان و رۆژنامەنووسان و گروپ و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و گروپی كۆمەكی زانكۆو پۆلێك لەخوێندكارانی خۆبەخشی زانكۆمان دەكەین كە هاوكاری جدی بون لەسەر خستنی كەمپینی راپەڕین كە لەزانكۆی راپەڕین بەڕێوەچوو.
هەروەها سوپاسی تایبەتی پێشمەرگەو فەرماندەكانی لیوای 712ی تایبەتی راپەڕین دەكەین كە هاوكاری جدی بون لەگواستنەوەو باركردنی كۆمەكی كۆكراوەی كەمپینەكەدا.