University of Raparin Logo

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن کۆتایی بە خولێکی بێژەری و پێشكەشكاری بۆ خوێندكاران هێنا

چاپکردن ئیمەیڵ

ئەمڕۆ چوار شەممە (١٥ی شوباتی ٢٠٢٣)، لە مەراسیمێکدا کە بەئامادەبونی سەرۆكی زانكۆ بەڕێز (پ.ی.د. پەیمان رمضان احمد) و ژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجونی زانكۆ بەڕێوەچوو، بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی زانکۆی ڕاپەڕین كۆتایی بە خولی تەکنیکی (بێژەری و پێشکەشکاری) بۆ ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆی ڕاپەڕین هێنا.

لەپێناو زیاتر هاندان و پێگەیاندنی بێژەر و پێشكەشكاری ئەکادیمی و سەركەتوو، بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی زانكۆی راپەڕین خولێكی ئەكادیمی پێگەیاندنی بێژەری و پێشكەشكاری بۆ ژمارەیەك خوێندكاری زانکۆی ڕاپەڕین کردەوە.
جێی ئاماژەیە، خولەکە ماوەی دوو هەفتەی خایاند، تیایدا خوێندکارانی بەشداربوو بەشێوازی تیۆری و پراكتیكی لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایانی بواری راگەیاندنەوە بە چەندین زانیاری و تەکنیکی بێژەری و پێشکەشکاری ئاشناکران.
لە هەفتەی یەکەمدا، لە ڕۆژی یەکەمی دەستپێکردنی خولەکەدا بەڕێز (پ.ی.د. ئاراز رمضان احمد) سیمینارێکی بەناونیشانی ( توانستەکانی بون بە بێژەر و پێشکەشکار ) پێشکەشکرد، دواتر و لە ڕۆژی دووەمدا بەڕێز (م. سیامەند حمە عزیز) تەوەرێکی بەناونیشانی (زمانی جەستەو كاری بێژەری و پێشكەكاری) پێشکەشکرد، پاشان (م. زانا حسن) کۆتا سیمیناری هەفتەی یەکەمی لەژێرناونیشانی (چۆن دەبیت بەبێژەرێكی سەركەوتوو) پێشکەشکرد.
لە هەفتەی دووەمی بەڕێوەچوونی خولەکەدا، کەتایبەت بوو بە لایەنی پراكتیكی، (م. كوردۆ سەردار) لەسەر شێوازی (ناساندنی چینەکانی دەنگ و هەناسەدانی دروست) ڕاهێنانی بە خوێندکاران کرد، دواتر و لە ڕۆژی دووەمدا (م. دیدەن مجید) بە شێوازی پراكتیكی بەشداربووانی بە (بنەماكانی پێشكەشكاری سەرستەیج) ئاشناکرد، لە کۆتا ڕۆژی خولەکەدا بەڕێز (پ.ی.د. شیروان حسین) سیمینارێکی بە ناونیشانی (گرنگی زمان لەبواری بێژەری و پێشكەشكاریدا) پێشکەشی بەشداربووانی خولەکە کرد.
ئامانجی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی زانکۆ لە کردنەوەی خولەکە، پێگەیاندن و ئاشناکردنی پۆلێک لە خوێندکاران بوو بە تەکنیکی بێژەری و پێشکەشکاری تاوەکو لە چالاكییەکانی زانكۆدا ڕۆڵی بێژەری و پێشکەشکاری ببینن .