ئەمڕۆ یەکشەممە (١٩ی شوباتی ٢٠٢٣)، لەهۆڵی چالاکییەکانی زانکۆی ڕاپەڕین، بەئامادەبونی د. یاسین صاڵح بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو و توێژینەوەی زانستی، کۆبونەوەی گشت ڕاگر و سەرۆک بەشەکانی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی زانکۆکانی کوردستان، بەمەبەستی ئەنجامدانی گۆڕانکاری و ڕیفۆرم لەپڕۆگرامی خوێندنی سەرجەم بەشەکانی پەروەردەی بنەڕەت بەڕێوەچوو.
لەسەرەتای کۆبونەوەکە، بەڕێز (پ.ی.د. ساکار محمد) ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت، وتەی بەخێرهاتنی سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕینی پێشکەش کرد.
دواتر بەڕێز (د. یاسین صاڵح) وەک نوێنەری وەزارەت و سەرپەرشتیاری کۆبونەوەکە، باسی لە تەوەرە گشتییەکانی کۆبونەوەکە کرد، وەکو ستراتیژ و سیاسەتى وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکارى و ڕیفۆرم لەپڕۆگرامی خوێندنی سەرجەم بەشەکانی پەروەردەی بنەرەت بۆ گونجاندنی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم و پێداویستییە هەنووکەییەکانی بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان و دانانی بەرنامەی کار بۆ چۆنیەتی دەستپێکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ئەنجامدانی گۆڕانکاری و پەرەپێدانی پڕۆگرامەکانی خوێندن، هەروەها بەرزکردنەوەی کوالێتى خوێندن و گۆڕینى پڕۆگرامەکانى خوێندن بە جۆرێک لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و پێشهاتەکانى دونیا و پێویستى بازارى کار بگونجێت و دەرفەتى هەلى کار بۆ دەرچووان بڕەخسێنێت.
دواتر لەكۆبونەوەكەدا، گفتوگۆی چڕ دەربارەی شێوازی كاركردن و ریفۆرمی خوێندن لەنێوان ڕاگری كۆلێژەكانی پەروەردەی بنەڕەتی زانكۆكانی كوردستان كرا.