University of Raparin Logo

مامۆستایەکی زانکۆی ڕاپەڕین کتێبێک بڵاودەکاتەوە

چاپکردن ئیمەیڵ

مامۆستا (ڕاز عەزیز ئەحمەد) مامۆستا لە بەشی زمانی کوردی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت کتێبێک بە ناونیشانی (جوت دەنگیی لە ڕوانگەی فۆنۆلۆژیی بەرهەمهێنان لە زمانی کوردیدا) بڵاودەکاتەوە، ناوەڕۆکی کتێبەکە باس لە دیاردەی بەیەکەوەهاتنی دو کۆنسۆنانتی هاوشێوە دەکات، کە تیایدا لە دیاردەی جوت دەنگیی بەگشتی و لە زمانی کوردیدا بەتایبەتی بەپێی ڕوانین و پڕەنسیبەکانی تیۆری فۆنۆلۆژیی بەرهەمهێنان، دەکۆڵێتەوە. هەروەها سروشت و چەشن و پێکهاتەی ئەم دیاردەیە و چەشن و بەبەرهەمی هەریەک لە دەنگە کۆنسۆنانتەکان لە دروستکردنی ئەم دیاردەیەدا لە زمانی کوردیدا، خراوەتەڕو.

جوت دەنگیی بریتییە لە بەدواییەکداهاتنی دو کۆنسۆنانتی چونییەک، کە پرۆسەیەکی فۆنۆلۆژییە و لە زمانی کوردی و لە زۆرێک لە زمانەکانی تردا ڕودەدات وەک (ئینگلیزی، ئیتاڵی، فارسی، عەرەبی، تورکی، ڕوسی ...هتد). لەگەڵ ئەوەشدا ڕەفتار و دابەشکردنیان لەنێوان زمانەکاندا لەژێر لێکۆڵینەوەی جیاوازدان، لەبەرئەوەی زمانەکان جیاوازن لەڕوی دەرکەوتنی جۆرە جیاوازەکانی جوت دەنگیی.
ئەم توێژینەوەیە جگە لە ئەنجام و لیستی سەرچاوەکان لە سێ بەش پێکهاتوە:
لە بەشی یەکەمدا باسمان لە زانستی فۆنەتیک و فۆنۆلۆژیی کردوە و یەکە دەنگییەکانمان خستۆتەڕو. لە بەشی دوەمدا، لەبەرئەوەی بنەمای کارەکەمان بەپێی فۆنۆلۆژیی بەرهەمهێنانە، بەگشتی ئەم تیۆرەمان شیکردۆتەوە، هەروەها هەر لەم بەشەدا پرۆسە فۆنۆلۆژییەکانمان خستۆتە بەرباس. لە بەشی سێیەمیشدا بە شێوەیەکی گشتی باسمان لە چەمک و زاراوەی جوت دەنگیی کردوە، لە (١٧٨) وشە کە لە شێوەزاری کرمانجی ناوەڕاست و هەندێ لە شێوەزارەکانی تری زمانی کوردی، نمونەمان وەرگرتوە و هەوڵمانداوە دیاردەی جوت دەنگیی لە زمانی کوردیدا ڕونبکەینەوە. بۆئەوەی مەبەست و ئامانجی کارەکەمان ڕونتر ببێتەوە، داتاکانمان بە چارت شیکردۆتەوە.
بەناوی سەرکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین دەستخۆشی لە مامۆستا ڕاز عەزیز دەکەین داواکارین کاروانی زانستیان بەردەوام بێت.