University of Raparin Logo

بە ئامادەبونى وەزیرى خوێندنى، دیدارى پرۆژەى ئەپڕایز بۆ پەرەپێدانى سیستمى خوێندنى باڵا بەڕێوەچوو

چاپکردن ئیمەیڵ

بەمەبەستى باشتركردن و په‌ره‌پێدانی سیسته‌می خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێگەى پڕۆژه‌ی ئه‌پڕایز "APPRAIS" کە بریتییە لە پەیرەوى مۆدێڵى خوێندنى باڵاى ئەوروپى، هانى زانکۆکان دەدات بە پەیرەوکردنى ئەم پرۆژەیە لە زانکۆکانى کوردستان.

ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (2023/2/27) بە سەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و ستافى وەزارەت، دیدار و وۆرکشۆپی هاوئاهەنگی (هارمۆنی) ستراتیژی وەزارەت و دامودەزگاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەبەشدارى یاریدەدەرو و بەڕێوەبەرى دڵنیایی جۆرى زانکۆکان لە هۆڵى کۆبونەوەکانى هوتێل هەولێرى نێودەوڵەتى بەڕێوەچوو.

لە وتەیەکدا د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەناوى وەزارەتەوە دەستخۆشى لە ڕێکخەران کردو ئەم هەنگاوەى بە درێژە پێدەری سیاسەتى وەزارەت دانا بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکارى و ڕیفۆرم لە سیستەمی خوێندنی بەشە زانستیەکان بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم و پێداویستیە هەنوکەییەکانی بازاری کاری کوردستان بگونجێت.

وتیشى: بەردەوام جەخت دەکەینەوە لەسەر بەرزکردنەوەی کواڵتى خوێندن و گۆڕینى پڕۆگرامەکانى خوێندن لە بەشە زانستییە جیاجیاکان بە جۆرێک لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و پێشهاتەکانى دونیا و پێویستى بازارى کاری هەرێمی کوردستاندا بگونجێت و دەرفەتى هەلى کار بۆ دەرچوان بڕەخسێنێت. خۆشبەختانەش لە ئێستادا لە ڕێگەی لیژنەی جیا جیا لەسەر ئاستی وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆکان کار لە سەر ڕیفۆرمی پڕۆگرامی خوێندنی سەرجەم بەشە زانستیەکان دەکەین بەمەبەستی گونجاندنیان لەگەڵ بازاری کاری کوردستان و بەرزکردنەوەی توانا و کارامەیی دەرچوان.

لە درێژەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە، هەمیشە کارمان کردوە لەسەر باشترکردنى کواڵتى خوێندن و گرنگیدان بە کردنەوەى دەرگاى زانکۆکان بە ڕوى زانکۆ جیهانییەکان و ئەنجامدانى توێژینەوەو ئاشناکردنى مامۆستایان بە بنەما ستانداردەکانى خوێندنى باڵا و بەرزکرنەوەى ئاستى زانستیان. بۆ ئەمەش وتى: لە ئێستادا وەزارەتەکەمان بە ویستێکى بەهێزەوە چاوى لەوەیە کە بۆلۆنیا پرۆسیس بە تەواوی جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەى ببێتە دەستکەوتێکى گەورە بۆ چارەسەرکردنى زۆرێک لە کێشەکانى زانکۆکان لەبەر ئەوەى بۆلۆنیا پرۆسێس پرۆژەیەکى زانستى پڕ بایەخە لە خوێندنى باڵادا.

لە وتەیەکیشدا د. محمد حسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: پڕۆژەى (APPRAIS) هاوکارمان دەبێت بۆ دیاریکردنی خاڵە لاوازەکان لە پڕۆسەی سیستمی بەڕێوەبردنی خوێندنی باڵا لە ناو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، کە وەک دەردەکەوێت ئەم دوو جەمسەرەی کە چوارچێوەی کارەکانی پڕۆژەکە دیاری دەکەن بریتیە لە بەرەو پێشبردنی دڵنیایی جۆری خوێندن و فێرکردن و توێژینەوەو بەڕێوەبردن بۆ ئەوەی گونجاو بێت لە گەڵ سیستەمی نوێی خوێندن.

پڕۆژەى ئه‌پڕایز "APPRAIS" بریتیه‌ له‌ بنیاتنان و به‌ مۆدێرنكردنی سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگەی هاریكاری و هەماهەنگی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ ئه‌وروپییه‌كان. له‌م پڕۆژەیەدا جەخت دەکرێتەوە لەسەر پلاندانی ستراتیژی بۆ دڵنیایی جۆری و جێبه‌جێكردنی پڕۆسه‌ی بۆلۆنیا "Bologna" و پێدانی سیمای دامه‌زراوه‌یی به جێبه‌جێكردنی كار و رێكاره‌كانی بەڕێوەبردنێکی باش له‌ دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا.