University of Raparin Logo

پەیامی سەرۆكی زانکۆی راپەڕین، لەساڵوەگەڕی راپەڕینی (5ی ئاداری 1991)دا

چاپکردن ئیمەیڵ

رۆژی یەكشەممە (٥ی ئاداری ٢٠٢٣)، گەلی كورد (٣٢)هەمین ساڵوەگەڕی راپەڕینە مەزنەکەی (٥ی ئاداری ١٩٩١) دەكەنەوە، کە لەشاری رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە، بڵێسەی سەندو سەرجەم شارو شارۆچكەكانی كوردستانی لەدەستی یەكێك لەدڕەندەترین و دیكتاتۆرترین سیستەمە سیاسەكان رزگار كرد. ئەوەش بووە هۆی بنیادنانی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە وەرچەرخانێکی ریشەیی بوو لەمێژووی ھاوچەرخی سیاسیی كورددا.

راپەڕین، بەرهەمی خوێنی شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستانەو شەهیدانی راپەڕینی (5ی ئاداری 1991)و بەكۆشش و خەباتی نەپساوەی پێشمەرگە هاتۆتەدی، كە هەمیشە رۆح لەسەر دەستبون بۆ خەبات و تێكۆشان و پاراستنی بەرهەمەكانی راپەڕین و هەرێمی كوردستان، تەنانەت لەرووبەڕوبونەوەی هەر مەترسییەك كە لەدوای راپەڕینیش روبەڕوی كوردستان بوبێتەوە، بۆیە خۆڕاگری هێزەكانی پێشمەرگەو خەڵكی كوردستان هەمیشە رۆڵیان هەبوە لەرەواندنەوەی ئەو مەترسیانەی وەكو شەڕی داعش روبەڕوی كوردستان بونەتەوە.
راپەڕینی (٥ی ئاداری ١٩٩١) بوە ھۆی بنیادنان و بەدیھێنانی چەندین دەستکەوتی مێژویی بۆ كورد، كە زانکۆی راپەڕین وەک دامەزراوەیەکی زانستی لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان كە لەساڵی (٢٠١٠) دامەزرێنرا، بەرھەمی خوێنی شەھیدانی راپەڕین و سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستانە بۆ دەڤەری ڕاپەڕین، و بەرهەمی راپەڕینە مەزن و پڕۆشكۆدارەكەمانە، زانکۆکە لەتەمەنی کەمی خۆیدا توانیویەتی ئاستی گرنگ و بەرچاوی هەبێت لەناو زانكۆو دامەزراوە زانستیەكانی هەرێمی كوردستان و بۆتە ناوەندێكی گرنگی رۆشنبیری لەسنورەكەو هەرێمی كوردستاندا.
ھەروەھا دروستکردنی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، یەکێکی تر بووە لەدەستکەوتەکانی راپەڕین، و بەھۆی گرنگی شوێنی جوگرافیی و مێژووی ناوچەکەش لەبەرھەڵستکاری داگیرکەران نازناوی پایتەختی ئازادی بەشاری رانیە بەخشراوە، بۆیە لێرەوەو لەم یادە پیرۆزەدا بۆ رێزگرتن لەجەربەزەیی و چاونەترسیی و ئازایەتی خەڵکی دەڤەری راپەڕین، داواکارین لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان ھەنگاوی جدی بنێن بۆ بەپارێزگاکردنی دەڤەرەکەو هێنانی پڕۆژەی زیاتری خزمەتگوزاری كە هاوتای خەبات و تێكۆشانی ناوچەكە بێت و هەوڵی جدی بدرێت لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ناساندنی زیاتری راپەڕینی (5ی ئاداری 1991) لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەرێگەی پڕۆژەی زانستی و كەلتوری و رۆشنبیرییەوە و دۆكیومێنتارییەوە بەزمانە كاریگەرەكانی دنیا.
بەناوی سەرۆكایەتی زانکۆی راپەڕینەوە، بەبۆنەی (32)هەمین ساڵوەگەڕی راپەڕینەوە، پیرۆزبایی لەگەلی کورد لەھەر شوێنێکی دنیاو بەتایبەت لەخەڵكی قارەمانی رانیەو دەڤەری راپەڕین و خوێندکاران و مامۆستیان و فەرمانبەرانمان دەکەین. لەم بۆنە نەتەوەیی و مێژوویەدا، یادی شەھیدە نەمرەکانمان بەرزرادەگرین و سەری رێز بۆ سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستان و شەھیدانی راپەڕینی (٥ی ئاداری ١٩٩١) دادەنەوێنین کە بەخوێنی گەشیان کوردستانیان لەدەستی یەکێک لەرژێمە دیكتاتۆرەكان رزگارکردو دامەرزاوە حكومیەكانی هەرێمی كوردستانیان بنیادناو كوردیان گەیاندە مافی چارەی خۆنوسین، بەجۆرێك كورد لەئێستادا رۆڵی گرنگی هەیە لەعێراق و ناوچەكەو جیهانداو خاوەنی چەندین هاوپەیمانی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە.

پ.ی.د. پەیمان رمضان احمد
سەرۆكی زانكۆی راپەڕین