University of Raparin Logo

بەئامادەبونى وەزیرى خوێندنى باڵا، سیمپۆزیۆمی ناساندنی یاسا و مافەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەڕێوەچوو

چاپکردن ئیمەیڵ

ئەمڕۆ 6ی ئاداری 2023، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: کار دەکەین بۆ ئەوەی ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار باشتر پێکەوە ببەستینەوەو بابەتەکانی خوێندن و ڕاهێنان پەیوەندیدار بن بەو کارامەییانەی کە بۆ بازاری کار پێویستن، وتیشى لە ناو پرۆسەی خوێندن دا گرنگی زیاتر بە ڕاهێنانی پراکتیکی و ڕاهێنان لە شوێنی کار دەدەین. لەو سیمپۆزیۆمەدا کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەهەماهەنگی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی(ILO) ڕێکخراوە، .

بەستنى ئەم سیپۆزیۆمە بەرهەمى ئەو یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنەیە کە لە مانگى ئادارى ساڵى ٢٠٢٢ لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى ئیمزا کرا،.
پاشان د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتارێکدا کە بەناوى هەردوو وەزارەت پێشکەشیکرد، لەسەرەتادا خۆشحاڵی خۆى دەربڕى، کە لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کۆمەڵێک پرسی گرنگ دەربارەی یاسا و ڕێنماییەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی پێکەوە تاوتوێ بکەین، بۆ ئەمەش باسى لە چۆنیەتى ڕەخساندنى دەرفەتى کار و ئاستەنگەکان کردو ڕایگەیاند: پرسی دەستکەوتنی هەلی کار و پەرەپێدانی توانای گەنجانی وڵاتەکەمان پرسێکی نیشتمانی گرنگ و پڕبایەخە، وتیشى ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا هەموو تواناکانمان خستۆتە گەڕ بۆ پەرەپێدانی توانای گەنجان و دەرچوانی زانکۆکانمان، بۆ ئەوەی گەنجانی وڵاتەکەمان بتوانن بە ئاسانی پێشبڕکێی بەدەستهێنانی هەلی کار بکەن.
د.ئارام محمد قادر لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا وتى: ئێمە لە ئێستادا کار دەکەین بۆ ئەوەی ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار باشتر پێکەوە ببەستینەوە و بابەتەکانی خوێندن و ڕاهێنان پەیوەندیدار بن بەو کارامەییانەی کە بۆ بازاری کار پێویستن. وتیشى: لە ناو پرۆسەی خوێندن دا گرنگی زیاتر بە ڕاهێنانی پراکتیکی و ڕاهێنانی لە شوێنی کار بدەین. هەر لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەى بە پڕۆژەیەکى گرنگى وەزارەتەکەى کرد و ڕایگەیاند: لە مانگی ( ٢)ی ئەمساڵدا پرۆژەی پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندنمان دەستپێکرد. هاوکات بۆردی راوێژکاری ئەکادیمیا و کەرتی تایبەت و کەرتی پشەسازیم (Industry Advisory Board)مان پێک هێناوە، ئاشکراشیکرد هەفتەی داهاتو بە هاوکاری هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان پرۆژەی ڕوپێوی زانستیانەی بازاڕی کار دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەسیمپۆزیۆمەكەدا (م.ی. رێبین حمە اسماعیل) بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدان بۆ كار لەزانكۆی راپەڕین بەشداربو.