ئەمڕۆ (14ی ئاداری 2023) تیمێكی زانکۆی راپەڕین، لەشاری هەولێر بەشدارییان لەخولێکی تایبەت بەڕوپێویی زانستیانەی پێداویستیەکانی بازاڕی کارو پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن کرد.
خولەکە بەئامادەبوونى ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى لەوەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەبەشدارى (٧٠) مامۆستاى زانکۆ لەسەرجەم زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان، لەلایەن ڕێکخراوى (IREX) و بەهاوکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو و بۆ ماوەى دوو ڕۆژ.
ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، د.ئامانج عبداللە سعید لەوتەیەکیدا لەدەستپێکی خولەکە ئاماژەی بەوە کرد کە لەئێستادا وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى پڕۆژەى پەرەپێدانى پڕۆگرامەکانى خستۆتە بوارى جێبەجێکردنەوەو گوتی:" بۆ ئەم مەبەستە پێویستە ڕووپێوى زانستییانەى پێداویستییەکانى بازاڕى کارو کەرتى گشتى و کەرتى تایبەت ئەنجامبدەین، هاوکات لەبەر ڕۆشنایى داتاکان و پێویستى بازاڕى کار، دەبێت دووبارە ئاکامەکانی پرۆسەی خوێندن و ناوەرۆکى پڕۆگرامەکانى خوێندن و لە زانکۆکان دابڕێژینەوە. ئامانجمان ئەوەیە کە کۆی پرۆسەی خوێندن و ڕاهێنان هاوتەریب بێت لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاری کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابوری و دەرچوانن باشتر بتوانن لە پێشبرکێی بەدەستهێنانی هەلی کار سەرکەوتوبن."
د.ئامانج، بە بەشداربووانى خولەکەى ڕاگەیاند: "ئێوە سەرکردایەتى ئەم پڕۆسە گرنگە دەکەن و کارەکانمان ماوە درێژ دەبێت و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هاوکارتان دەبێت بۆ پەرەپێدانی تواناکانتان لە بواری داڕشتنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن لەبر ڕۆشنایی گۆڕانکارییەکانی بازاری کار."