بەمەبەستی تاوتوێکردنی دواین هەنگاوەکانی ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندنی خوێندنی باڵا، دبلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمى، ماستەر و دکتۆرا، بەسەرپەرشتی وەزیری خوێندنی باڵا کۆبونەوەیەک لەگەڵ یاریدەدەری سەرۆک زانکۆکانی کوردستان بۆ کاروباری زانستی ، بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2023/3/28) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى بەڕێوەبەرانى گشتى، کۆبونەوەیەکى تایبەت بۆ تاوتوێکردنی پلان و دواین هەنگاوەکانی ڕاگەیاندنی ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمى باڵا بەڕێوەچوو. لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە پێویستە زانکۆکان خۆیان بۆ پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان ئامادە بکەن، بۆ ئەمەش وتی: بەو پەڕى لێپرسراویەتى کارمان کردوە بۆ چەسپاندنى بنەماکانى دادپەروەرى و یەکسانى و شەفافەیەت و بێ لایەنى لە پرۆسەکەدا بەشێوەیەک بتوانین دەستەبەرى ڕەخساندنى زۆرترین و باشترین دەرفەت بۆ کوڕان و کچانى وڵاتى خۆمان بکەین.
جەختیشی کردەوە پیویستە پرەنسیپەکانی شەفافیەت و دادپەروەری و دەرفەتی یەکسانی دوور لەمەنسوبیەت و مەحسوبیەت بەگیانی لێپرسراویەتیەوە شۆڕ بکرێتەوەو لەسەرجەم زانکۆکاندا جێبەجێبکرێت و کەمتەرخەمی تێدانەکرێت و ئەم دەرفەتە بەوپەڕی ئەمانەتەوە بخرێتە خزمەتی گەنجانی وڵاتەکەمانەوە.
هەرەوەها لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا هەریەک لە ئامادەبووان ڕاو و سەرنجی خۆیان لەبارەی پلان و ستراتیژی خوێندنی باڵا و پێشکەشکردنی باشترین خزمەت بە فێرخوازان دوپاتکردەوە.